سوودانی پەیامێکی دەربارەی سێ دۆسییە لە لایەن ترەمپەوە پێ گەیشت

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکاوە پێ گەیشتووە.

سەرچاوەکە بە میدیای ناوخۆیی ڕاگەیاند “محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیامێکی دۆناڵد ترەمپی لە ڕێگەی نێردراوێکی تایبەتەوە پێ گەیشت، کە چەند بابەتێکی لەخۆ گرتبوو.”

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد “دیارترین خاڵەکانی پەیامەکە بریتی بوونە لەوەی پێویستە چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵ بکرێت، هەروەها چالاکیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ڕابگیرێت، ئەمە جگە لەوەی عێراق دەستوەردان لە کاروباری سووریا و حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتە نەکات.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەغدا لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی شەهیدی عێراق و یادکردنەوەی شەهید محەممەد باقر حەکیم، لە گوتارێکدا گوتی: “هەندێک لایەن هەوڵیان دا عێراق بخزێننە نێو گۆڕانکارییەکانی سووریا و باسیان لە گۆڕانی سیستەمی سیاسیی عێراق دەکرد، بەڵام هیچ دەوڵەت و لایەنێک بۆی نییە گۆڕانیی سیاسی و ئەمنی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت.”

سوودانی گوتیشی: “لە چەند مانگی ڕابردوودا، بە ڕاوێژ و پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دۆست، بە قورسی کارمان کرد و هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ ئەوەی شەڕ لە عێراق دوورخەینەوە و وڵات نەبێتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی ململانێی ناوچەکە.”

ڕاشیگەیاند “لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، پەیوەندییەکانی عێراقمان لەگەڵ وڵاتان، لەسەر بنەمای دیپلۆماتی بنیاد ناوە.”