وەزارەتی بەرگریی فینلەندا سەرجەم سەربازەكانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان كشاندەوە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، کۆتایی بە ئەرکەکانی هێنا و ڕایگەیاند، دوایین سەربازی لە كۆتایی 2024 گەڕایەوە فینلەندا.
وەزارەتی بەرگریی فینلەندا ڕاشیگەیاندووە “ڕێکخراوی داعش سەرجەم ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵی کردبوون، لە دەستی دەرهێنراوە، بەڵام هێشتا مەترسییە و پێویستە شەڕی دژ بە تیرۆر بەردەوام بێت.”
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە “سوپای فینلەندا ڕۆڵی كاریگەری هەبووە لە بەهێزكردن و پەرەپێدانی توانای هێزەکانی پێشمەرگە و لەمەودواش لە بەشداری کردن لە نێردەی تایبەتی ناتۆ لە عێڕاق بەردەوام دەبێت.
روونیشی كردووەتەوە “لەگەڵ هێوربوونەوەی دۆخی عێراق لە ساڵی 2019ـەوە، هێزەكانیان کە 70 سەرباز بوون تەنیا ئەرکی ڕاوێژكاریان گێڕاوە و مەشق و ڕاهێنانیان بە سوپای عێراق کردووە، دواجار لە 29 ی کانوونی یەکەمی 2024 گەڕاونەتەوە فینلەندا.”
هێزەکانی فینلەندا لە ئابی 2015 ـە، بە 50 ڕاوێژکاری سەربازی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەشدار بوو.