ئەنبار سادەترین خزمەتگوزاری نییە

هاووڵاتیانی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق خەون بەوەوە دەبینن شارەکانیان هاوشێوەی شارەکانی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزاری تێدا بێت و ژێرخانەکانیان بەهێزبن.

خەڵکی شارۆچکەی فەلوجە لەپارێزگای ئەنبار دەڵێن؛ سەرباری ئەو بودجە گەورەیەی بۆیان تەرخانکراوە، لەگەڵ یەکەم باران بارین ڕێگەکانیان هەمووی دەبێتە قوڕ و لیتە.

چاودێرێکیش دەڵێت: “ئەگەر بودجەی پارێزگاکانی عێراق، بەشێوەیەکی پیشەیی خەرج بکرێت، شارەکانیان هاوشێوەی هەرێمی کوردستانی لێ دێت، چونکە کوردستان لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە پێشەنگی عێراقی گرتووە.

حکوومەتەکانی ڕابردووی عێراق نەیانتوانیوە کێشەی ژێرخانی وڵات چارە بکەن و داوکاری هاووڵاتیان جێ بەجێ بکەن.

بەشێک لە شەقام و گەڕەکانی پارێزگای ئەنبار دوای ئەوەی جەنگ وێرانی کردن، هێشتا نۆژەنکراونەتەوە، ڕێگەوبانەکانی باشووری فەلوجە دوای یەکەم بارانی زستان وێران دەبن و ڕێگە بۆ هاتوچۆ نییە، هەروەها لەگەڵ کەمی خزمەتگوزاری نرخی ئەمپێری موەلیدە لە فەلوجە بەشێوەیەکی خەیاڵی بەرزبووەتەوە.

هاووڵاتییەکی ئەو پارێزگایە بۆ میدیاکان ڕاگەیاند، بەشێوەیەکی گشتیی نە ئاوەڕۆمان هەیە و نە ڕێگەی قیرتاوکراو، لێرە حکوومەت هەندێک ناوچە قیرتاو دەکات و دواتر لێی دەگەڕێت.” دەشڵێت: “داوامان لە حکوومەتی خۆجێی هەیە کاری زیاتر بۆ باشووری فەلوجە بکات.”

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: “خەڵکی باشووری فەلوجە سادەترین خزمەتگوزاریان نییە، بەتایبەتی ڕێگەی قیرتاوکراوە، لێرە دوو کاتژمێر باران دەبارێت بەهۆی قوڕولیتەوە ڕێگەکە دیار نییە، قوتابییەکانمان لەکاتی چوون بۆ قوتابخانە تووشی ئاستەنگ دەبن.”

چاودێرانیش دەڵێن: بودجەی وڵات بەشی بنتاتنانی شاری پێشکەوتوو و  باڵەخانەی بەرزی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان دەکات، کە هەرێمەکە بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام گەندەڵی ئیداری و دارایی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لەسەردەمی حکوومەتەکانی ڕابردوو وایکردووە، خەڵک خەون بە سادەترین خزمەتگوزارییەکانەوە بیینن.

ئەو بودجەیەی لە بەردەستی پارێزگاکانی عێراقە، گەر بەشێوەیەکی پیشەیی خەرج بکرێت دەتوانرێت شاری پێشکەوتوو و باڵەخانەی بەرزی پێ دروست بکرێت وەک شارەکانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە ڕیزبەندی یەکەمی عێراقن لە بەرەوپێشچوون و ئاوەدانی.”