عێراق پێویستی بە مانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ کاتێکی درێژتر هەیە

 

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق بۆ ساڵێک و لە سووریا بۆ دوو ساڵ درێژ کرایەوە بەڵام ڕووداوە نوێیەکانی ناوچەکە بە تایبەتی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ڕوانگەی عێراقییەکان بە تایبەتی لایەنە شیعەکانی گۆڕیوە.

تا بەر لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد عێراق بەسەر دوو ڕای جیاوازدا دابەش ببوو و بەشێکیان کە زیاتر لە لایەنەکانی شیعە بوون پێیان وابوو داعش کۆتایی هاتووە و پێویست ناکات هێزی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق بمێننەوە و بەرەیەکی تر کە کورد و سوننە و بەشێکی کەمی شیعە بوون پێیان وابووهێشتا داعش مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە و پێویستیان بە یارمەتی و هاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە. دۆخەکە ئێستا گۆڕاوە و ئاماژەکان ئەوە دەسەلمێنن کە تەنانەت زۆرینەی ناو ماڵی شیعە پێیان باشە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بمێننەوە.
بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە لە ٢٧ی مانگی ئەیلوولی ڕابردوو بڵاو کرایەوە پێداگری لەوە کرابوو لە ماوەی دوازە مانگدا هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە عێراق کۆتایی پێدەهێنن و ئەرکەکەیان لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەگۆڕدرێت بۆ هاوبەشییەکی ئاسایشی دوو لایەنە کە ئامانجی پاڵپشتیکردنی هێزە عێراقییەکانە و بەردەوام دەبێت لە گوشارخستنە سەر داعش بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی لە وڵاتەکەدا.
هەروەها باس لەوە کرابوو لە کاتێکدا عێراق ئەندامێکی گرنگی هاوپەیمانییەکەیە، بۆ ڕاگرتنی گەڕانەوەی هەڕەشەکانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەرکی سەربازی هاوپەیمانان لە سووریا تا مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت، ئەم بڕیارە بڕیاری کۆتایی نییە و پەیوەستە بە دۆخی ناوچەکە و گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
لە هەشتی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە کە حکوومەتی سووریا ڕووخا و دەستەی تەحریر شام دەسەڵاتی وەرگرت، دۆخەکە بە تەواوی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و چاوەڕوانی ئەوە هەیە هەر لە ژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتنەکەی ئەیلوول هێزەکانی ئەمەریکا بۆ ماوەیەکی درێژ لە عێراق بمێننەوە و لە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە ڕێککەوتنی نوێ لە نێوان حکوومەتی عێراق و ئەمەریکا بێنە کایەوە.
دوو ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە کەناڵی عەرەبیە جەدیدیان گوتووە کە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بە فاکتەری سەرەکی سەقامگیری و ئارامی لە هەموو عێراق دادەنرێت و ئەمەش بە گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی ناوماڵی شیعە بەرانبەر ئەمەریکا دادەنرێت. ئەو ئەندامانەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە بە هاوپەیمانیی شیعەکانی نزیک لە ئێران دادەنرێن باسیان لەوە کردووە پڕۆژەیەک بۆ پێداچوونەوە بە دۆخی عێراق و سیاسەتی دەرەوە لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە بە تایبەتی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ئارادایە.
ئەوان پێداگرییان کردووە کە سەرەڕای ناکۆکییەکان، مانەوەی ئەمەریکا هۆکاری سەقامگیریی عێراق بووە و یەکێک لەو پاساوانەیش ئەوە بووە کە ئەمەریکا لە ماوەی ڕابردوودا ڕێگر بووە لەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی عێراق بوەستێنرێن و بە شێوەیەکی پراکتیکی ئەمەریکا بەسەر ئاسمانی عێراقدا زاڵ بووە.
ئەوەشیان درکاندووە کە جۆرێک گفتوگۆ لە نێوان عێراق و ئەمەریکا لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی درێژەی هەیە هەرچەندە هێشتا هیچ شتێکی ڕوون ڕانەگەیەنراوە و هەڵوێستی حکوومەتی نوێی ئەمەریکایش بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ هێشتا زۆر ڕوون نییە.
عێراقییەکان لە دوای ڕووخانی دیمەشق و دوای ئەو هێرشانەی کرانە سەر یەمەن و لبنان، پێیان خۆشە وڵاتەکەیان لە هێرشەکانی ئیسرئیل پارێزراو بێت و گرنگترین هۆکار کە پێیان وایە ڕێگری لە هێرشەکان دەکات مانەوەی ئەمەریکایە لە عێراق.
بۆ نموونە عەقیل ڕەدینی گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات ڕای گەیاندووە: دۆخەکە لە دوای ڕووخانی ئەسەد گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە و دۆخی ناوچەکە نائارامە و ئەمەش نیگەرانیی عێراقییەکانی بەدواوە بووە.
ئەو گوتوویەتی هێشتا بە فەرمی هیچ شتێک بۆ درێژەدان بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا نییە بەڵام لەوانەیە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نوێ لە نێوان بەغدا و واشنتندا هەبێت کە پێوەندیی بە ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەکەش هەیە.
رەدینی باسی لەوەش کردووە ئەگەر حکوومەتی عێراق هەر بڕیارێک لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بدات، بەسەر بڕیارەکانی دیکەدا فەرز دەکرێت، هەرچەندە بە دڵی بەشێکی زۆر لە گرووپە چەکدارییەکان نەبێت.
لە لایەکی دیکەوە نزار حەیدەر توێژەری کاروباری عێراق لە واشنتن گوتوویەتی عێراق لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەندێک داخوازی لە ئەمەریکا هەبووە کە گرنگترینیان پاراستنی عێراق لە پڕیشکی ئەو ڕووداوانەیە کە ناوچەکەی گرتووەتەوە و ئەوەش بەو واتایە لێک دەدرێتەوە کە عێراق پێویستی بە مانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ کاتێکی درێژتر هەیە. پێشبینیشی کردووە ئەم جۆرە داواکارییە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بە فەرمی لە حکوومەتی ئەمەریکا بکرێت.
ئیحسان شمری سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی لە بەغدا گوتی شتێک بە ناوی کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق لەئارادا نییە و ئەمەریکا خۆی بە ڕاشکاوی ئەو پەیامەی بە عێراق گەیاندووە و ڕەنگە مانەوەیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نوێدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێتەوە. ئەگەر عێراق داوای مانەوەی زیاتری هێزەکانی ئەمەریکا بکات هۆکارەکەی بە بۆچوونی شمری ئەوەیە لە سووریا کۆمەڵێک گرووپ بە دەسەڵات گەیشتوون کە حکوومەتی عێراق بە تیرۆریستیان دەزانێت و یەکێک لەو شتانەی کە دەبێتە هۆکاری سەقامگیریی عێراق مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە، ئەمە جگە لەوەی کە پێش بە هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر خاکی عێراق دەگرێت.
ئەمەریکا دوو هەزار و پێنجسەد سەربازی لە عێراق و نۆسەد سەربازی لە سووریا هەیە و چاوەڕوان دەکرێ ئەگەر ئەو هێزانە زیاتر نەکات ئەوا کەمیان ناکات و بۆ ماوەیەکی نادیار لە ناوچەکە دەمێنێتەوە.