یەکشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە جەنەرال کیڤن لیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان گوت: عێراق بەردەوامە لە نەهێشتنی گرووپە تیرۆریستییەکان.
نووسینگەی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە “ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، لەگەڵ جەنەرال کیڤن لیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا و دانیێل رۆبنستین، هەڵسوڕێنەری کاروباری ئەمەریکا لە عێراق کۆبووەوە.”
ئاماژەی بەوەش کرد “لە میانی کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە دۆخی گشتی ئەمنیی ناوچەکە و هاوکاری بەردەوامی نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان بۆ بەدواداچوونی پاشماوەکانی داعش کرا.”
لەدیدارەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە “عێراق بەردەوامە لە نەهێشتنی باندە تیرۆریستییەکان، گوتیشی، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، سنوورەکانی عێراق و ئەو ناوچانەی کە دەرچەیەک بوون بۆ پەڕینەوە گرووپە تیرۆریستییەکان، کۆنترۆڵ کردووە.”
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، “لە کۆبوونەوەکەدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پابەندییەکانی خۆیان بۆ عێراق دووپات کردەوە، هەروەها باسیان لەتوانای هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر چالاکیەکی تاوانکاریی یان تیرۆریستی لەسەر سنوورەکان.”