شانەی ئەمنی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا، حەشارگەیەکی داعشیان بە فڕۆکەی جەنگی لە چیای حەمرین خاپوور کردووە کە چەند داعشێکی تێدا بووە.
چوارشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2024، شانەی ئەمنی عێراق بڵاوی کردەوە، لە چیای حەمرین ئەو حەشارگەیان بە ئامانج گرتووە کە چەکدارانی داعش خۆیان تێدا حەشار دەدەن، دەشڵێت: هێزە ئاسمانییەکانی عێراق بە فڕۆکەی ئێف16 ئەو ناوچانە وێران دەکەن کە چەکدارانی داعش لێی کۆ دەبنەوە.
پێشتر لەبارەی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی داعش بەهاوکاریی پێشمەرگە، تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتبووی، هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە، لە ماوەی ڕابردوودا توانیویانە بەهاوبەشیی 150 ئەندامی داعش بکوژن کە لەناویاندا سەرکردەی باڵا هەبووە، هەروەها چەند تۆڕێکی داعشیشیان هەڵوەشاندووەتەوە.
خەفاجی ئاماژەی بەوە کردبوو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە هەریەکە لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک و دیالە هەیە.