فوئاد حوسێن: عێراق لیبیای دووەمی لە ناوچەکەدا ناوێت

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا گفتوگۆیەکی گشتگیری سەبارەت بە پلانی کارکردن لە داهاتووی سووریا لە کۆبوونەوەکەی عەقەبە پێشکەش کرد. ئەو جەختی کردەوە سەقامگیریی ئەمنیی و سیاسی لە سووریا بەشێکی دانەبڕاوە لە سەقامگیریی عێراق.

فوئاد حسێن، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە شاری عەقەبەی ئوردن، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئوردن و تورکیا و میسر، لە کۆتایی کۆبوونەوەی لیژنەی پەیوەندیی وەزاری عەرەبی سەبارەت بە سووریا، گوتی: “کۆبوونەوەکە وڵاتانی کاریگەری تێدا بەشدار بوون، ئەوانەی کە بە هۆی دۆخی سووریاوە زیانیان بەرکەوتووە .”

گوتیشی: “عێراق لیبیای دووەمی لە ناوچەکدا ناوێت.” هەروەها جەختی لەسەر بایەخی کارکردن بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی لە سووریا، کردەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد “کۆنفرانسەکە کۆمەڵێک پرەنسیپی پەیوەست بە پرۆسەی سیاسی لە سووریا لەخۆ گرتبوو، دیارترینیان بنیاتنانی ڕێچکەیەکی دیموکراسیی لە ڕێگەی دیالۆگەوە، ببێتە هۆی دروستبوونی سیستەمێکی سیاسیی گشتگیر، کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بکات، هاوکات ڕێز لە مافی ئافرەت و مافەکانی مرۆڤیش بگرێت.”

هەروەها ئاماژەی بە پێویستی قۆناغێکی ڕاگوزەر کرد بە سەرکردایەتیی خودی سوورییەکان، بە هاوکاریی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بۆ پاڵپشتیی گەلی سووریا لە بنیاتنانی پرۆسەیەکی سیاسی ڕوون، کە مافەکانی هاووڵاتیان دابین بکات. هەروەها دوور بکەوێتەوە لە پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکان و مەزهەبییەکان.

وەزیری دەرەوەی عێراق، جەختی لە بایەخی دروست کردنی ژینگەیەکی سەلامەت و سەقامگیر کرد، بۆ ئەوەی ئاوارەکانی سووریا بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هەروەها بەهێزکردنی بنیاتنانی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریا بۆ پاڵپشتیی ئایندەی سیاسیی ئەو وڵاتە.

دوێنێ شەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، کۆبوونەوەیەک لە شاری عەقەبە لە باشووری ئوردن، سەبارەت بە دۆخی سووریا بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، لەگەڵ ئەمەریکا، یەکێتیی ئەورووپا، تورکیا و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێوە چوو.

ئامادەبووان، باسیان لە ڕێگاکانی پشتیوانیی لە پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر و بە سەرکردایەتیی سووریا کرد بۆ گەیشتن بە پرۆسەیەکی ڕاگوزەری بەپێی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەستەبەر بکات لە دووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پاراستنی یەکێتیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی سووریا مافی هەموو هاوڵاتیانی خۆی.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، ڕێگەچارە و پاڵپشتی پرۆسەی سیاسیی لە سووریا گفتوگۆی ڕژد له‌ باره‌وه‌ کراوە.