عێراق پێشوازی لە ئاگربەستی شەڕی لوبنان و ئیسرائیل دەکات

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکات و هیواخوازە، ڕێککەوتنەکە کۆتایی بە توندوتیژی و ئەو مەینەتی و وێرانکارییە بهێنێت کە بەرۆکی خەڵکی لوبنانی گرتووە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی شەڕ، هەڵوێستی حکوومەتی فیدراڵی بۆ هاوکاری و پشتوانی لە حکوومەت و خەڵکی لوبنان دەربڕیوە و جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکوومەتی عێراق دەکاتەوە بۆ پشتیوانی لە هەموو هەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ بە دیهێنانی سەقامگیری.

هەروەها جەختی لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزییەکان و زامنکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی لوبنان، بۆ ئەمەش داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هەنگاوی جددی و بە پەلە بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەو کوشتوبڕ و دوژمنکارییەی دژ بە خەڵکی فەڵەستین لە کەرتی غەززە بەردەوامە.

دوای زیاتر لە ساڵێک لە دوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، بەرە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2024، بە نێوەندگیری ئەمەریکا، ڕێککەوتنی ئاگربەستی شەڕی سوپای ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنان، جێبەجێکرا.