عێراق ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەم دەهێنێت، نرخەکەشی لە پێنج ملیۆن دینارەوە دەست پێ دەکات

دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق سەرەتای ساڵی داهاتوو یەکەم ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەخاتە بازاڕ، نرخەکەی لە پێنج ملیۆن دینارەوە دەست پێ دەکات.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەستەکە، قوسەی عەلی کەریم، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “ئێستا پرۆژەکە گەیشتووەتە قۆناغی پێشکەوتوو، بەوپێیەی ڕێژەی تەواوبوونی ژێرخانەکەی لەسەدا 90ی تێپەڕاندووە.” ڕاشیگەیاند “پرۆژەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی ساڵی داهاتوو بەجۆرە جیاوازییەکانەوە دەست پێ دەکات.”

کەریم گوتیشی: “توانای بەرهەمهێنانی پڕۆژەکە مانگانە نزیکەی (2000) ئۆتۆمبێل دەبێت، واتە 24 هەزار ئۆتۆمبێل لە ساڵێکدا، بە قۆناغیش دەبێت، بەو پێیەی قۆناغی یەکەم پرۆسەی کۆکردنەوە لەخۆ دەگرێت، لەکاتێکدا قۆناغی دووەم دەبێتە خۆجێیکردنی تەواوی پیشەسازییەکە و لەگەڵ مۆدێلی جیاواز کە ژمارەیان دەگاتە 7 مۆدێل.”

ڕوونی کردەوە “وێستگەی بارگاویکردنەوەی  ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەش دەکرێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتەکان، بۆ ئەوەی ئەوەی شۆفێران بتوانن دەستیان پێ بگات و ئۆتۆمبێلەکەیان ڕابگرن لە ئەگەر تەواو بوونی بارگەکەی.”

ئاماژەی بەوەش کرد “گەرەنتییەکی گشتگیر بۆ ماوەی ساڵێک هەیە بۆ سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان، کە نرخەکانیان لە پێنج ملیۆن دینارەوە دەست پێ دەکات.” ئاماژەی بەوەش کرد “خزمەتگوزاری فرۆشتنی قیست بۆ ئەو کەسانە بەردەست دەبێت کە ئارەزووی دەکەن.”