خەمیس خەنجەر: عێراق بەردەوام ناوچەی دروستبوونی قەیران و ئالنگاری و کێشەیە

دووەم ڕۆژی پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک بەڕێوە دەچێت.

شەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2024، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە لە دووەم ڕۆژی پینجەمین کۆڕبەندی مێپس24 گوتی: “خراپی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە ئەمن و ئاسایش، ئالنگاری هەنووکەییەکان و دەرکەوتنی داعش، هۆکارن بۆ تێکچوونی سەقامگیریی سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو بابەتانە گرنگترین بابەتن کە لەم کۆڕبەندەدا زۆرترین قسەیان لەسەر کراوە.”

سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە دەڵێت: “ئێمە نابێت بە یەکەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بکەین کەباسمان کردن، بەڵکو پێویستە دابنیشین و یەکە بە یەک گفتوگۆیان لەسەر بکەین، هەروەها دەوڵەت بەپرسی یەکەمە لە دابەشکردنی سیاسەت ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاستدا؛ هەر بۆیە، دەوڵەت ناتوانێت پەرەپێدان دابین بکات، ئەگەر سامان و دەسەڵات دابەش نەکات، هەروەها نابێت بە چاوی ڕەخنەگرانە سەیری دۆخی جیۆ- سیاسی و کاردانەوەکان دەوڵەت نەکرێت.”

دەشڵێت: “ڕەنگە هیچ وڵاتێک بەقەد وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی کاریگەر و گرنگ نەبن بۆ بەڕێوەچوونی ئەم کۆڕبەندە. لە هەرێمی کوردستان، لە دوای قۆناغی سایکس بیکۆ، ئێمە ئێستە دەبینین لە هەولێر سەقامگیرییەک هەیە. ئەوەی نابێت لە بیری بکەین کە ناوچەکەمان لە دوای شەڕی جەنگی جیهانی دووەمەوە زۆرترین ئالنگاری ڕووبەڕوو بووەتەوە و تێدا بووە.”

خەمیس خەنجەر ئاماژەی بەوەش دا “عێراق بەردەوام ناوچەی دروستبوونی قەیران و ئالنگاری و کێشە بووە، ڕەنگە دیاریکردنی كێشەکان ئاسان بێت، کە بوونەتە هۆی لەدەستدانی سەقامگیری. یان ڕەنگە ئاسان بێت قسەکان دووبارە بکەینەوە یاخود ئەو وشانەی پێشووتر سیاسییە ڕۆژئاواییەکان و توێژەرەکان قسەیان لەبارەیەوە کردووە.. هیچ پێویست ناکات ئێمە دانیشین قسەکان دووبارە بکەینەوە، پێویستە ئێمە بە کردار هەنگاو بنێین، لەم ناوچەیەدا لەدەستدانی دیموکراتی، گەندەڵیمان هەبووە، نەبوونی سیستەمی دادوەریمان هەبووە لاوازیی دامەزراوەکانی دەوڵەتمان هەبووە.”

ڕاشیگەیاند “هەموو ئەوانەی باسمان کرد، ڕەنگە کاردانەوەی کێشەیەکی قووڵتر بن، کە بریتییە لە کێشەی هەرێمایەتی، بەتایبەت لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی و ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانییەوە.”

شایانی باسە نزیکەی 124 ئەکادیمیست لە 40 وڵاتی جیاواز بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن، کە 73%ـیان بۆ جاری یەکەمە بەشدار دەبن، هەروەها ژمارەیەک پانێل و وۆرکشۆپ لەبارەی دۆخی ئێستەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچن.