وڵاتان لەسەر ڕەشنووسی (COP29) ڕێک نەکەوتن

لە کۆتا ڕۆژەکانی کۆنگرەی نێودەوڵەتی کەشوهەوا (COP29) لە باکۆی ئازەربایجان، پێشنیازی نوێی ڕێککەوتننامەکە بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکیی زیاتر لە نێوان وڵاتانی بەشداربوودا.

سەرەکیترین کێشە پەیوەندیی بە بڕی ئەو پارەیەوە هەیە کە دەبێت وڵاتە دەوڵەمەندەکان بیدەن بە وڵاتە هەژارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، وڵاتە گەشەسەندووەکان و چین داوای 1.3 تریلیۆن دۆلار دەکەن تا ساڵی 2030، جگە لەم بڕە، داوای 500 ملیار دۆلار لە وڵاتە پێشکەوتووەکان دەکەن.

لەبەرامبەردا، یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەریکا ڕەتیان کردەوە بێ مەرج ئەم پارەیە بدەن.

ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بەوەش داوە، پڕۆژەی نوێی ڕێککەوتننامەکە تەنها ئاماژەی بە “X تریلیۆن دۆلار” کردووە، واتە ‘بڕی پارەکەیان دیاریی نەکردووە’.

کریس بۆوێن، وەزیری کەشوهەوای ئوسترالیا ڕەخنەی توندی لە دەقەکە گرت و گوتی: “ئەم دەقە پاشەکشەیەکی گەورەیە و لەم دۆخە قەیراناوییەدا قبوڵ ناکرێت، هەروەها ڕەخنەی لەوە گرت کە بەڕوونی باسی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی وەک نەوت و خەڵووزی تێدا نەهاتووە”.

وۆپکە هۆکسترا، کۆمیسیاری کەشوهەوای یەکێتیی ئەورووپا بە توڕەییەوە گوتی: “من ناتوانم ئەمە بشارمەوە، دەقەکە لە ڕوانگەی ئێمەوە ناهاوسەنگە، نەگونجاوە و قبوڵ ناکرێت.”

یەڵچین ڕەفیێڤ، سەرۆکی دانوستکارانی COP29 داوای لە بەشداربووان کرد “ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە و یەکگرتوو بن”، ئەو باسی لەوەشکرد: “ئەمە کاتێکە کە پێویستە هەموو کارتەکانتان بخەنە سەر مێزەکە.”

گرنگترین خاڵە ناکۆکەکان:

1- سەرچاوەی پارەکە.

– وڵاتە پێشکەوتووەکان، دەیانەوێت کەرتی تایبەت و هەموو سەرچاوەکانی تر بەشداری بکەن.

– وڵاتە گەشەسەندووەکان، داوای پارەی ڕاستەوخۆ لە حکوومەتەکان دەکەن.

2- شێوازی پارەدان.

– وڵاتە هەژارەکان، داوای بەخشین دەکەن.

– وڵاتە دەوڵەمەندەکان، باسی قەرز و مەرجەکان دەکەن.

3- کێ دەبێت بیدات؟.

– ناکۆکی لەسەر ڕۆڵی وڵاتانی وەک چین هەیە کە ئێستا دەوڵەمەندن بەڵام بەپێی ڕێککەوتننامە کۆنەکان، ناچار نین پارە بدەن.

جەیسپەر ئینڤێنتەر، لە ڕێکخراوی گرینپیس ئەم دۆخەی بە “سووکایەتی” بە ملیۆنان کەس وەسف کرد کە لەژێر هەڕەشەی کارەساتی کەشوهەوادان، محەممەد ئەدۆو، چالاکوانی کەشوهەوای کینیایی گوتی: “وڵاتە گەشەسەندووەکان پێویستیان بە چەکێکە، بەڵام ئێستا تەنها کاغەزێکی بەتاڵمان هەیە.”

کۆنگرەکە بڕیارە ڕۆژی هەینی کۆتایی پێ بێت، بەڵام بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەوانەیە درێژ بکرێتەوە تا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گونجاو.