ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: کارمەندانی سەرژمێری دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە 131ـەوە بکەن

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، کارمەندانی سەرژمێری لە ئەگەری هەر رووداوێکی نەخوازراودا دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە 131ـەوە بکەن.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، ژمارە 131ی تەرخان کردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر رووداوێکی نەخوازراو کە دەکرێت تیمەکانی سەرژمێری رووبەڕووی ببنەوە، ئەوەش لەکاتی بەڕێوەبردنی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان.
رۆژی 18-11-2024 لە یەکێک لە گەڕەکەکانی دیوانییە، کارمەندێکی سەرژمێری لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکەکەیدا لەلایەن کەسێکەوە پەلامار درا و دواتر ئەو کەسە دەستگیر کرا.
ئەو کات محەممەد غانمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پەلاماردەرەکە زانیاریی ئەوتۆی لەبارەی پرۆسەکە نەبووە، بۆیە ئەو کارەی کردووە و “ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.”
هەر لەوبارەوە تارق برقعاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کەسانێک هەن زانیاریی پێویستیان لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری نییە، بۆیە بە گومانەوە سەیری دەکەن.
بە گوتەی برقعاوی، کەسوکاری ئەو گەنجە “داوای لێبووردنیان کردووە، بەڵام بە بڕیاری عەباس زاملی، پارێزگاری دیوانییە و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنی، کەسەکە دەستگیرکراوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر.”