عەباس عراقچی: هێشتا دەرفەت بۆ چارەی دیپلۆماسی لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران ماوە

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند “دەرفەتێک هەیە بۆ چارەکردنی پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، بەڵام دەرفەتێکی سنووردارە.”

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای سەردانێکی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ ئێران، ڕافائیل گرۆسی، بە مێدیای فەرمی وڵاتەکەی ڕاگەیاند: “هێشتا دەرفەت بۆ چارەی دیپلۆماسی ماوە، هەرچەندە ئەم دەرفەتە زۆر گەورە نییە.”

ڕافائیل گرۆسی، ڕۆژی هەینی سەردانی دوو شوێنی ئەتۆمی لە ئێران کرد، ئەمەش هەوڵێکی دیپلۆماسیی  ئەورووپا بوو سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی تاران، پێش گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی.

لەمیانی سەردانەکەدا، عراقچی بە گڕۆسی ڕاگەیاند “تاران ئامادەیە ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ڕادەستی فشارەکان نابێت.”

مێدیا فەرمییەکان بڵاویان کردەوە “گرۆسی سەردانی وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز، شوێنی پیتاندنی فۆردۆی کە لە چیادا هەڵکەندراوە، کردووە.” ئەو شوێنە نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە باشووری تارانی پایتەختەوە دوورە، بەڵام وردەکاری زیاتری باس نەکرد.