لە دیوانییە پەلاماری تیمێکی سەرژمێری دەدرێت

پارێزگای دیوانییە، تیمێکی سەرژمێری لەکاتی سەردانیکردنی ماڵێک، لەلایەن خاوەن ماڵەکەوە پەلامار دەدرێن.
محەممەد غانمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ (دووشەممە) لە یەکێک لە گەڕەکەکانی دیوانییە، کارمەندێکی سەرژمێری لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکەکەی دا لەلایەن کەسێکەوە پەلاماردراوە.
بەگوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە، پەلاماردەرەکە “گەنجێکی وێڵە”، زانیاریی ئەوتۆی لەسەر پرۆسەکە نەبوو، بۆیە ئەو کارەی کردووە و “ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.”
هەر لەوبارەوە تارق برقعاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، خەڵکانێک هەن، زانیاری و هۆشیاریی پێویستیان لەسەر پرۆسەی سەرژمێری نییە، بۆیە بە گومانەوە سەیری دەکەن.
بەگوتەی برقعاوی، کەسوکاری ئەو گەنجە “داوای لێبووردنیان کردووە؛ بەڵام  بە بڕیاری عەباس زاملی، پارێزگاری دیوانییە و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنی، کەسەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دەستگیرکراوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر.”
لە رۆژی شەممەوە قۆناخی یەکەمی سەرژمێریی دانیشتووان دەستیپێکرد کە تاوەکو سبەی “سێشەممە” بەردەوام دەبێت، ئەوەش وەک زەمینەسازیی بۆ دەستپێکردنی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان کە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە بەڕێوەدەچێت، ئەو دوو رۆژە قەدەخەی هاتووچۆی سەرتاسەرییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان