سوودانی وەڵامی هەڕەشەکانی ئیسرائیل دەداتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڕەشەکانی ئیسرائیل ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: ئیسرائیل دەیەوێت بازنەی شەڕ فراوانتر بکات.

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كرد و تێیدا چه‌ند پرس و دۆسیه‌یه‌كی ناوخۆیی و ناوچه‌یی تاوتوێ كرا.

به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پرسی پێشهات و ڕووداوه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و تێیدا خرایه‌ ڕوو “ئیسرائیل ئامانجی فراوانكردنی شه‌ڕه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.”

هه‌روه‌ها سوودانی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕایگه‌یاندووه‌، په‌یامه‌كه‌ی “قه‌واره‌ی زایۆنی” كه‌ ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌، پاساوهێنانه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر عێراق و هه‌وڵه‌كانی بۆ فراوانكردنی بازنەی شه‌ڕ له‌ ناوچه‌كه‌دا.

سوودانی جارێكی دیكه‌ جه‌ختی كردووه‌، بڕیاری شه‌ڕ و ئاشتی له‌ عێراق به‌ ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه‌یه‌ و ڕێگه‌ به‌ هیچ لایه‌نێك نادرێت ئه‌و مافه‌ به‌ خۆی بدات. هاوكات سه‌رله‌نوێ ڕه‌تی كرده‌وه‌ عێراق بخزێنرێته‌ ناو شه‌ڕ.

سوودانی داوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌تی بۆ ئاسایشیی نیشتمانی كردووه‌ بۆ تاوتوێكردن و به‌دواداچوونی پێشهاته‌كان و دووپاتكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی عێراق.

به‌گوێره‌ی هەواڵی ڕۆژنامه‌ی مه‌عاریفی ئیسرائیلی،ئیسرائیل پلان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ و هێرشی داهاتوو داده‌رێژێت و دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی ستراتیژیه‌تیك ده‌بیت هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی غه‌ززه‌ و لوبنان.

رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات،  پلانه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی ناتانیاهۆ به‌ لێدان له‌ ژێرخانی ئابووری و دامه‌زراوه‌كانی ئه‌و گرووپانه‌ ده‌ستپێده‌كات، قۆناغی دواتریش به‌ گوێره‌ی هه‌مان پلان، بریتیی ده‌بێت له‌ كۆمه‌ڵێك چاڵاكی چڕ بۆ كوشتنی كه‌سایه‌تییه‌كانی نێو میلیشیاكانی ئێران له‌ عێراق.

به‌رپرسانی هه‌واڵگری ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكاش به‌ ڕۆژنامه‌كانی ئیسرائیلیان ڕاگه‌یاندووه‌، ڕه‌نگه‌ ئێران بریكاره‌كانی له‌ عێراق زیاتر به‌كاربهێنێت بۆ وه‌لامدانه‌وه‌ی چاڵاكییه‌كانی سوپای ئیسرائیل له‌ لوبنان و غه‌ززه‌ و ده‌شڵێن مه‌ترسی هه‌یه‌ له‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ ئێران مووشه‌كی باڵیستی كورتمه‌ودای دزه‌ پێ كردبێته‌ نێو خاكی عێراق.