هیومان ڕایتس وۆچ: حکوومەتی عێراق سزای “لە سێدارەدانی نایاسایی” فراوان کردووە

ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ حكوومه‌تی عێراق به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات “له‌ سێداره‌دانی نایاسایی” له‌ ساڵی 2024ـدا فراوان كردووه‌؛ هاوكات داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ كردووه‌، سزای له ‌سێداره‌دان به‌ ته‌واوی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.

ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ له‌ دوایین ڕاپۆرتیدا حكوومه‌تی عێراقی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردووه‌ “له ‌سێداره‌دانی نایاسایی” له‌ ساڵی 2024ـدا فراوانتر كردووه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك دادگه‌كانی عێراق له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا چه‌ندان بڕیاریان به‌ تۆمه‌تی تیرۆر ده‌ركردووه‌ و سه‌دان كه‌سیان به‌ تۆمه‌تی تیرۆر سزا داوه‌ و فه‌رمانی له‌ سێداره‌دانیان بۆ ده‌ركردوون و سزاكه‌یان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه‌، كه‌ به‌شێكیان په‌له‌یان تێدا كراوه‌ و به‌شێكی دیكه‌یان له‌ ژێر فشار و ئه‌شكه‌نجه‌دا دانیان پێدا نراوه‌.

هیومان ڕایتس وۆچ جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌، حكوومه‌تی عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی فره‌وان “له‌ سێداره‌دانی نایاسایی” پتر كردووه‌ و له‌ ساڵی 2024ـدا به‌ ته‌واوه‌تی زیاد بووه‌.

ڕێكخراوه‌كه‌ به‌ پێویستیشی زانیوه‌ و داوای له‌ حكوومه‌تی عێراق كردووه‌، به‌ په‌له‌ كۆتایی به‌ سه‌پاندنی سزای له‌ سێداره‌دان بهێنێت، به‌ تایبه‌تی كه‌ نزیكه‌ی هه‌شت هه‌زار كه‌س چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنی سزای له‌ سێداره‌داندان.