عێراق: پێویستە ئەمەریکا هەنگاوی کارا دژی ئیسرائیل بگرێتەبەر

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ په‌له‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاری بۆ ئاسایشیی نیشتمانی کرد؛ هاوكات گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ده‌ڵێت: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوایین پێشهاته‌كانی بارودۆخی ئه‌منی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی تاوتوێ كران.

سێشه‌ممه‌، 19ـی تشرینی دووه‌می 2024، یه‌حیا ڕه‌سووڵ، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ڕایگه‌یاند، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ په‌له‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌تی بۆ ئاسایشیی نیشتمانی كرد و تێیدا ڕه‌تی ئه‌و سكاڵایه‌ی كرده‌وه‌ كه‌ ئیسرائیل له‌ دژی عێراق ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌.

یه‌حیا ڕه‌سووڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت كرایه‌وه‌ سكاڵاكه‌ی ئیسرائیل كه‌ له‌ دژی عێراق به‌رزی كردووه‌ته‌وه‌، تۆمه‌تی بێ بیانوون و ئامانجی لێی ڕه‌وایه‌تیدانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌ستدرێژی بكاته‌ سه‌ر عێراق كه‌ ئه‌مه‌ش ئامانجی ئیسرائیله‌ بۆ فراوانکردنی بازنەی ململانێ و شه‌ڕی ناوچه‌كه‌. جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە ئەمەریکا هەنگاوی کارا دژی ئیسرائیل بگرێتەبەر.

به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی یه‌حیا ڕه‌سووڵ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایەوە،‌ كه‌ بڕیاری ئاشتی و شەڕ تەنیا لە دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقدایە، هەروەها حكوومه‌ت بەردەوامە لە ڕێوشوێنەکانی بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ دەستپێکردنی هەر هێرشێک، هاوكات به‌ دوای هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شداری له‌ چالاكییه‌ چه‌كدارییه‌كان ده‌كه‌ن و هەڕەشە لە ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو: “تۆمەت و ڕه‌فتاره‌كانی ئەم دواییەی دەسەڵاتدارانی “قه‌واره‌ی زایۆنی” پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و هەوڵێکە بۆ یاریكردن به‌ ڕای گشتی نێودەوڵەتی بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دەستدرێژیکردنه‌ سه‌ر عێراق و و هه‌وڵێكیشه‌ بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و زیادکردنی مەترسییه‌كانی فراوانکردنی شه‌ڕ و ململانێکان لە ناوچەکەدا.”

هه‌روه‌ها له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی یه‌حیا ڕه‌سووڵدا هاتووه‌، “عێراق پابەندبوونی خۆی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و په‌یماننامه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات دەکاتەوە و بە توندیش سه‌ركۆنه‌ی هەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەکات، کە ئامانجیان ناسەقامگیری ناوچەکەیە.”

ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشیی نیشتمانی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌ ژێر ڕۆشنایی پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كاندا بڕیاری لەسەر چه‌ند خاڵێك داوە؛ له‌ خاڵی یه‌كه‌مدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕاسپاردووه‌ بۆ به‌دواداچوونی ئه‌م دۆسیه‌یه‌ و جووڵاندنی له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ده‌سته‌كانی و گرتنبه‌ری هه‌موو هه‌نگاوێكی پێویست و به‌ پێی بنه‌ماكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی مافه‌كانی عێراق و دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئیسرائیل.

ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشیی نیشتمانی داوای له‌ كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی كردووه‌، هه‌ڵوێستی یه‌كگرتوو و پته‌و له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی ئیسرائیل وه‌ربگرێت كه‌ پرۆسه‌ی پیشتوانی هاوچاره‌نووس و به‌رگریی هاوبه‌ش له‌ خۆ بگرێت.

له‌ خاڵی سێیه‌مدا داوای له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌ چاو به‌ سكاڵای ژماره‌ (ABM/1/185)ـی ڕێككه‌وتی 14/8/2024 و سكاڵایه‌كی دیكه‌ كه‌ له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا له‌ لایه‌ن عێراقه‌وه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیل به‌رز كراوه‌ته‌وه‌ بخشێنێتەوە.

هاوكات داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌ ڕێوشوێنی خێرا بەرانبەر بە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بگرێته‌ به‌ر و ڕووبه‌ڕووی لێپرسینەوەیان بكات لە به‌رانبه‌ر پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

داوایشی كردووه‌ بڕیارێك ده‌ربكات له‌ چوارچێوەی به‌ندی حەوتەمی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ لە سەرتاسەری ناوچه‌كه‌.

له‌ خاڵی شه‌شه‌مدا هاتووه‌: ئه‌مه‌ریكا لەگەڵ عێراق، لە ڕێگەی گفتوگۆی ئەمنی و سەربازی لە چوارچێوەی بەشی سێیەمی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی، هەنگاوی کاریگەر بنێن بۆ ڕێگریکردن لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، هاوکات داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەندامانی دەکات، ڕیگه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی ئیسرائیل بگرن و سنوورێك بۆ فره‌وانبوونی بازنه‌ی شه‌ڕ دابنێن.

هاوكات فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کۆمەڵێک ڕێکاری ئەمنی ده‌ركرد و داوای له‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان و ده‌زگه‌ ئه‌منییه‌كان كرد ڕێگری له‌ هه‌ر چالاكییه‌كی چه‌كداری له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بكه‌ن و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.

هه‌روه‌ها داوای له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ كرد هه‌موو ڕێكاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كانی ڕابردوو چالاك بكاته‌وه‌ و پلانی فریاگوزاری بەگوێرەی قەبارەی مەترسییەكان ئامادە بكات. داوایشی كردووه‌ سنووری ڕۆژئاوای عێراق زیاتر كۆنترۆڵ بكرێت.

داواش ده‌كات هێزی به‌رگریی ئاسمانی پێویستییه‌كانی پاراستنی ئاسمانی عێراق مسۆگه‌ر بكات. ده‌شڵێت: فه‌رمانده‌ مه‌یدانییه‌كان له‌ هه‌ر جۆره‌ پێشێلكارییه‌كی ئه‌منی له‌ هه‌ر شوێنێكدا كه‌ لێی به‌رپرسیارن، به‌رپرسیاریه‌تی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن.

له‌ كۆتاییشدا ئەوە خراوه‌ته‌ ڕوو، كه‌ ده‌زگه‌ هه‌واڵگرییه‌كان شیكاری و چاودێری و به‌دواداچوون بۆ هه‌ر جۆره‌ چالاكییه‌كی ئاسمانی دوژمنكارانه‌ یاخود به‌ ئامانجگرتنی خاكی عێراق بكه‌ن و لێپێچینه‌وه‌ له‌ بكه‌رانی بكه‌ن و ڕاپۆرتی خێرای هه‌واڵگری پێشكه‌ش بكه‌ن.