زیاتر لە دوو ملیۆن عێراقی لە سەرژمێری بێبەش دەکرێن

تا ئێستە زیاتر دوو ملیۆن عێراقی له‌ تاراوگه‌ ماونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سەرنجە ئەوان لە سەرژمێری بێبه‌ش کراون، ئه‌مه‌ش چه‌ندان نیشانه‌ی پرسیاری لای چاودێران دروست كردووه‌، وێڕای چه‌ند پرسیارێكی دیكه‌ی نامۆ له‌ فۆڕمی سه‌رژمێریدا، به‌دیاریكراویش ئه‌وانه‌ی باس له‌ ژماره‌ی ئامێره‌ به‌كارهاتووه‌كانی كاره‌با له‌لایه‌ن خێزانەکانەوە ده‌كه‌ن.
لەبارەوە ئه‌حمه‌د ناجی، چاودێر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: “زیاتر له‌ 2 ملیۆن عێراقی تا ئێستە له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن، پێویست بوو حكوومه‌ت شوێنی ئه‌و ژماره‌ گه‌وره‌یه‌شی له‌ سه‌رژمێریدا بكردبایه‌وه‌، كه‌ هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقین، ئێستە ئێمه‌ له‌ ساڵانی حه‌فتاكان نین بۆ ئه‌وه‌ی پرسیار له‌باره‌ی به‌فرگر و ته‌له‌ڤزیۆن ساردكه‌ره‌وه‌مان لێ بكرێت، ئه‌وكات به‌ده‌ستهێنانیان سه‌خت بوو”.
هه‌رچی وه‌زاره‌تی پلاندانانه‌، شاره‌زایانی پێشووی جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك هۆكار بۆ بێ به‌شكردنی ئه‌و عێراقیانه‌ له‌ پرۆسه‌ی سه‌رژمێری هه‌ن كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن، له‌وانه‌ش تێچووی دارایی زۆر بۆ ئه‌و بابه‌ته‌.
سه‌میر خزه‌یر، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی ئامار له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانان دەڵێت: “ئه‌زموونی ڕابردوومان له‌و بابه‌ته‌ هه‌یه‌ و به‌ئه‌نجام نه‌گه‌یشتووین، ئه‌ویش به‌هۆی نه‌بوونی خواستی هه‌ندێك له‌و عێراقیانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ن له‌ خۆ تۆماركردن، هه‌روه‌ها له‌ هه‌موو وڵاتێكیش ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ پرۆسه‌ی سه‌رژمێری ته‌نها له‌ناوخۆ ئه‌نجامده‌دات، چونكه‌ تێچووی ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ن زۆره‌”.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ سه‌رژمێری گشتیی، سوود وه‌رگرتنه‌ له‌و زانیاریانه‌ی به‌ده‌ست ده‌هێنرن بۆ دانانی پلانی ناوه‌ندی و دوورمه‌ودا، بۆ ده‌رهێنانی عێراق له‌و‌ واقعه‌ نا سه‌قامگیره‌ی هه‌یه‌تی، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ لایه‌نی ئابوورییه‌وه‌ هه‌یه‌.