دووشەممە, تشرینی دووه‌م 18, 2024

عێراق: لە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 6600 جیابوونەوەی هاوسەران تۆمار کراوە

تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، زیاتر لە 6600 جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق تۆمار کراوە، کە بەراوورد بە مانگی ئەیلوول زیادی کردووە، زۆرجار کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەژاری هۆی سەرەکی جیابوونەوەی هاوسەرانن. 

دووشەممە، 18-11-2024، بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، 34951 گرێبەستی هاوسەریی لە عێراق کراوە، هەروەها ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەرانیش بۆ هەمان مانگ 6696 حاڵەت بووە.

هەر بەگوێرەی ئاماری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، 5462 حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە، کە  1508 حاڵەتی جیابوونەوە بە بڕیاری دادوەری بووە، هەروەها زۆرینەی  جیابوونەوەکان لە سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ بووە، 698  جیابوونەوەش لەدەرەوەی دادگەکان بووە.