شاندێکی ئەمەریکا بە نهێنی سەردانی بەغدایان کردووە و پەیامێکی توندیان داوەتە حکوومەت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-11-2024، سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، شاندێکی ئەمەریکی لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو سەردانی بەغدایان کرد، دوێنێ شەو عێراقیان جێهێشت.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکات، بە ‘عەین نیوز’ـی ئیماراتی ڕاگەیاندووە، “شاندێکی ئەمەریکا پەیامێکی هۆشداری توندیان، وەک دوا دەرفەت داوەتە حکوومەتی عێراق بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گروپە چەکدارەکان، کە بەردەوام بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکەن سەر ئیسرائیل، بە بیانووی پشتیوانی کردن لە غەززە و لوبنان”.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، “شاندە ئەمەریکییەکە بە یاوەری ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەمریکا لە بەغدا، لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی عێراقی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و شەوی ڕابردووش بەغدایان بەرەو واشنتۆن بەجێهێشت”.

پەیامی ئاگادارکردنەوە

سەرچاوەکە دەشڵێت: “شاندە ئەمەریکییەکە پەیامێکی نوێی هۆشدارییان داوەتە حکوومەت، کە لە پەیامەکەدا هاتووە، ئەگەر هێرشەکانی گرووپە چەکدارە عێراقییەکان نەوەستن، عێراق تووشی هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل دەبێت”.

سەرچاوەکە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “شاندە ئەمەریکیەکە گوتویانە ئەمە دوا دەرفەتە کە ئیسرائیل خستویەتە بەردەم حکوومەتی عێراق بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارە شیعانەی نزیک لە ئێران”.

ڕوونیشیکردەوە، “شاندە ئەمەریکییەکە گفتوگۆیان لەگەڵ سوودانیی، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کردووە کە هەفتەی ڕابردوو سەردانی تارانیان کرد، بۆ بەدواداچوون بۆ هەوڵەکانی ئاگربەست لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا لە ڕێگەی نێوەندگیری عێراقەوە”.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، “شاندەکەی ئەمەریکا بەو پەیامەی قاسم ئەعرەجی لە تارانەوە هێناویەتی ڕازی بوون، بەڵام ڕەخنەی زۆر هەبووە لەسەر حکوومەتی عێراق کە ناتوانێت فشار بخاتە سەر گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەوەی هێرشەکانیان لە دژی ئیسرائیل ڕابگرن”.

پێگە ئامانجدارەکان

ئەو سەرچاوەیەی نزیک لەسەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکردووە، “شاندە ئەمەریکییەکە سوودانییان ئاگادارکردۆتەوە کە ئیسرائیل لیست و ئامانجی دیاریکردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو گرووپە چەکدارە شیعانە، هەروەها ئەم پەیامە دوا پەیام دەبێت بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە”.

شاندەکە لە درێژەی قسەکانیدا باسیان لەوە کردووە، “ئێمە وەکوو ‘ئیدارەی جۆو بایدن’ لەم ماوەیەی دواییدا هەوڵمانداوە ڕێگری لە تەلئەڤیڤ بکەین بۆ ئەوەی هێرش نەکاتە سەر عێراق، بەڵام ڕەنگە لە قۆناغی داهاتوو دۆخەکە بگۆڕێت و ناتوانین هیچ ڕۆڵێک ببینین لە ڕێگریکردن لە هێرشکردنە سەر گرووپە شیعەکان”.

داواکردنی مۆڵەت

سەرچاوەکە جەختی کردەوە، کە “سوودانی داوای لە شاندە ئەمەریکەکە کردووە کاتی پێبدەن تاوەکوو ئەم پەیامە بخاتە بەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی، کە بڕیارە کۆبوونەوەیەک بەبەشداری سەرکردەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە بکات و پەیەمەکەی ئەمەریکایان پێ بدات کە لە ئیسرائیلەوە هێناویانە”.