لە عێراقەوە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی باشووری ئیسرائیل کران

ھێزی دەریایی ئیسرائیل ڕێگریی لە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە کە لە عێراقەوە ئاراستەی شاری ئیلات باشووری ئیسرائیل کرابوون.

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە کە لە عێراقەوە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی باشووری ئیسرائیل کراون.

ڕاشیگەیاندووە کە ھێزی دەریایی ئیسرائیل ڕێگریی لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کردووە.

لە بەرامبەردا گرووپی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” لە چەند ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ئاراستەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ھێرشیان کردووەتە سەر پێنج ئامانجی گرنگ لە باکووری ئیسرائیل.

ھاوکات سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە لوبنانەوە، 10 هاژه‌ك ئاراستەی ئیسرائیل کراون.

ڕاشیگەیاندووە کە ھێزی بەرگریی ئیسرائیل، ڕێگرییان لە ژمارەیەک لە هاژه‌کەکان کردووە، ھەروەھا ژمارەیەک لە هاژه‌كه‌كانیش لە ناوچە چۆڵەوانییەکاندا کەوتوونەتە خوارەوە.

ھەروەھا سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە کە لە میانی ھەفتەی ڕابردوودا فڕۆکە جەنگییەکان، ھێرشیان کردووەتەوە سەر 140 سەکۆی ئاراستەکردنی هاژه‌ك سەربە حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە میانی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ئاکامی ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، دوو فەرماندەی ھێزی سەربە حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، کوژراون.

ھەروەھا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە میانی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانیی و وشکانیی ھێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، 200 چەکداری حزبوڵڵا کوژراون.