سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی مافی مرۆڤ لە عێراق، فازڵ ئەلغەراوی هۆشداری دا لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ژێر ناوی کۆچبەری کە لەلایەن باندە نێودەوڵەتییەکانەوە ئەنجام دەدرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-11-2024، فازڵ ئەلغەراوی، بە مێدیای عەرەبی گوت، “عێراق لە دۆسیەی کۆچبەران بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە، هەموو ئەو وێستگانە هۆکاری فرەچەشنی خۆیان هەیە، جا پەیوەندی بەو شەڕ و ململانێیانەوە هەبێت یاخود پەیوەندی بە لایەنی ئابوورییەوە هەبێت، کە ئەمە وای کردووە خێزانەکان ناچار بوون بیر لە کۆچ بکەنەوە و بەرە و وڵاتانی ئەورووپا بڕۆن”.
ئەلغەراوی ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەوە تەنها پەیوەندی بە کۆچەوە نییە، بەڵکو ڕەنگە پەیوەندی بە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە هەبێت، زۆر کەسیشمان بینیوە کە بوونەتە قوربانی ئەو بەقاچاخبردنە”.
سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی مافی مرۆڤ لە عێراق جەختی لەوە کردەوە، “عێراق دەستی کردووە بە قۆستنەوەی ئۆپەراسیۆنە نێودەوڵەتییەکان بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە”.
جێگای سەرنجە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی وڵاتەکەیدا سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق بۆ ساڵی 2024 ڕایگەیاندووە، کە “بازرگانانی مرۆڤ قوربانیانی ناوخۆیی و بیانی لە عێراق دەقۆزنەوە”.