عێراق و ئێران جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوانیان تاوتوێ دەکەن

تاران ڕۆڵی هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی عێراق و ئێران بەرز دەنرخێنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11-11-2024، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە تاران، لەگەڵ د. عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆ بووەوە. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ئەعرەجی، “لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە تەوەرەکانی ڕێککەوتنی ئەمنی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران و وردەکاری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە کرا. هاوکات تاوتوێی بەرزکردنەوەی هاریکاری ئەمنی و سیاسی نێوان بەغدا و تاران کرا.”

وەکوو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، ئێران ڕۆڵی هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پشتیوانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و پابەندبوون بەو مەرجانەی کە لایەنی عێراقی و ئێرانی لەسەری ڕێککەوتوون؛ بەرز نرخاند.