ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لیژنه‌یه‌كی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی وه‌زاره‌تی به‌رگری پێكهێنا

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌مه‌به‌ستی لێکۆڵینەوە له‌ گرێبەستە گوماناویەکانی وەزارەتی بەرگری عێراق لێژنەیەکی پێكهێنا بۆ ئه‌وه‌ی به‌داواچوون له‌باره‌ی دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵییانه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ بكه‌ن‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت بڕه‌كه‌ی زیاتر له‌ 100 ملیار دۆلار بێت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ میدیاكانی عێراقی رایگه‌یاند، لیژنەی دەستەی دەستپاکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە گرێبەستە گوماناوییەکانی وەزارەتی بەرگری پێکهێنا و لێکۆڵینەوەکە لە سەرجەم گرێبەستە گوماناویەکانی ساڵانی رابردوو ده‌كات.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی كاره‌كانی، لیژنه‌كه‌ راپۆرتی خۆی له‌ چوارچێوه‌ی راسپارده‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م سەرۆکایەتیی دەستپاکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران.

ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت لیژنەی دەستەی دەستپاکی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە چوارچێوەی لێپێچینەوە لە گەندەڵییەکان، بە کۆی دەنگ ڕێککەوت لەسەر دووبارە ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی لێکۆڵینەوە لەو گرێبەستانەی کە وەزارەتەکانی بەرگری ، ناوخۆ و بازرگانی عێراق لە ساڵی 2006ه‌وه‌ تا ئێستا کردوویانە و به‌ هۆیه‌وە زیانێكی گه‌روه‌ی بە ئابووری عێراق گه‌یشتووه‌. مەزەندە دەکرێت بڕی ئه‌وه‌ پارانه‌ی كه‌ گه‌نده‌ڵی تێدا كراوه‌ زیاتر له‌ سه‌د ملیار دۆلار بێت.