عێراق مانگی ڕابردوو زیاتر لە 105 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە

وەزارەتی نەوتی عێراق کۆی گشتی هەناردەکردنی نەوتی بۆ مانگی ئاب ڕاگەیاند، کە 105 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئەیوولی 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا کۆی گشتی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ مانگی ڕابردوو ‘ئاب’ گەیشتووەتە 105 ملیۆن و 845 هەزار و 599 بەرمیل.

وەزارەت نەوت ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی ئاب لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی 105 ملیۆن و 559 هەزار و 525 بەرمیل بووە.

بەگوێرەی ئامارەکە ئەوەش ئاشکرا کراوە، کە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن لەمانگی ڕابردوو، 298 هەزار و 74 بەرمیل بووە.

هەروەها کۆی گشتی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تەمموزی 2024 لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق 106 ملیۆن و 125 هەزار و 200 بەرمیل بووە، هاوکات هەناردەی نەوتی گەیارە یەک ملیۆن 928 هەزار و 156 بەرمیل بووە.