ئەمساڵ لە عێراق دەست بەسەر سێ تۆن و نیو ماددەی هۆشبەردا گیراوە

سه‌ره‌ڕای گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی توند دژی بازرگان و به‌كارهێنه‌رانی مادده‌هۆشبه‌ره‌كان، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ماددانه‌ عێراقی به‌جۆرێك ته‌نیوه‌ و له‌ كۆنترۆڵ ده‌رچووه‌، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش ئاشكرای ده‌كه‌ن، زۆربه‌ی مادده‌ هۆشبه‌رەکان له‌ ئێران و سووریاوه‌ به‌ قاچاخ دێته‌ عێراق.

سه‌باره‌ت به‌ توندكردنی ڕێوشوێنه‌كانی ڕێگریی له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌كان، یاسر حوسێنی، له ‌لێژنه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرای كرد “كار له‌سه‌ر دەرکردنی یاسایەک بۆ کەمکردنەوەی ئەم بەڵا مەترسیدارەی سەر کۆمەڵگه‌ ده‌كه‌ن”. به‌گوته‌ی حوسێنی، بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی لەم ساڵدا دەستیان بەسەردا گیراوە 3 تۆن و نیو بووه‌، به‌شی زۆری مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌ ده‌هێنرێنه‌ عێراق و ڕێژه‌كه‌ زیاتر دەبێت. به‌گوێره‌ی پڕۆژه‌یاساكه‌ جگه‌ له‌ بازرگان و ئالووده‌بووان، كار له‌سه‌ر پشكنینی ناچاریی له‌ زانكۆ و ڕێستۆرانته‌كان، هۆڵه‌كانی له‌شجوانی و پێش پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریش ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات سنوورێك بۆ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئه‌و ماددانه‌ دابنرێت.

له‌باره‌ی ڕێكخستنه‌وه‌ی سنووره‌كان و ڕێگریی له‌ بازرگاكانی مادده‌ی هۆشبه‌ر، عه‌بدولئه‌میر مه‌ییاحی، له‌ لێژنه‌ی ده‌ستپاكی په‌رله‌مان دەڵێت: به‌شی زۆری مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌سنووری وڵاتانه‌وه‌ ده‌هێنرێنه‌ عێراق، په‌رله‌مان پشتیوانی ئه‌و پێشنیازانه‌ ده‌كات كه‌ حكوومه‌ت بۆ كۆنترۆڵكردنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان بۆ ڕێگریی له‌ فرۆشتن و بازرگانی به‌مادده‌ی هۆشبه‌ر پێشكه‌شی ده‌كات، كه‌ ئێستا له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌، زانكۆ و ته‌نانه‌ت قوتابخانه‌ ئاماده‌ییه‌كانیشدا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وە ڕائید مالیكی، له‌ لێژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاندووه‌، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ماددە هۆشبەرەکان تەنها پێویستیان بە یاسا نییە، بەڵکو پێویست بە هەوڵی بەکۆمەڵ هەیە. ده‌شڵێت، هه‌مواری یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ په‌رله‌مان خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، ئه‌و پرۆژە یاسایەی حكوومه‌ت بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ناردوویه‌تی، هه‌وڵده‌ده‌ن به‌خێرایی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می بۆ بكه‌ن، یه‌كێك له‌ بڕگه‌كانیش پشكنینی ناچاریی هاووڵاتیانه‌ بۆ ‌مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان.