بۆچی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ڕەت دەکرێتەوە؟

قاسم حسێن ساڵح و. هۆنیار عەبدوڵڵا

چونکە مەترسیدارترین شت تێیدا ئەوەیە کە ڕێگە دەدات بە هاوسەرگیریی کچ لە تەمەنی نۆ ساڵیدا. لێرەوە پێیان دەڵێین: لێکۆڵینەوە پزیشکی و دەروونییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە هاوسەرگیریی مێردمنداڵان زیانی گەورەی هەیە، نەک تەنها بەهۆی نەگەیشتنی پێگەیشتنی بایۆلۆژی و فکرییەوە، بەڵکو زۆربەی جار بە تەڵاق کۆتایی دێت بەهۆی تێنەگەیشتنی مێردمنداڵ لە بەرپرسیارێتی هاوسەرگیری. مەترسیدارترین شت لە ڕووی دەروونییەوە ئەوەیە کە کچەکە لە سووڕی مانگانە و بینینی خوێن دەترسێت، چۆن منداڵێکی نۆ ساڵان کچێنی دەبرێت بە کردەیەک، کە هیچ لێکدانەوەیەکی بۆ نییە جگە لەوەی دوژمنکارییە دژی، کە دەبێتە هۆی ڕقی لە پیاو و هاوسەرگیری و پرۆسەی سێکسی کە لای ئەو لە چێژەوە دەبێت بە دڕندەیی و دزێوی! دواتر تێدەگات کە دەستدرێژی و کۆیلایەتی بووە.

دووەم: ئەوەی ئێستا ڕوودەدات تەنها کاریگەرییەکانی ئەم هەموارکردنە نییە، بەڵکو ملمڵانێی چارەنووسە لەنێوان ئەوەی عێراق دەوڵەتێکی مەدەنی بێت کە سەروەری بۆ یاسایە، یان دەوڵەتێکی ئایینی بێت، کە سەروەری بۆ پیاوی ئایینییە.
بە واتایەکی تر، ئەگەر هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی پەسەند بکرێت، ئەوا هیچ کاریگەرییەک بۆ یاسا نامێنێت و وشەی کۆتایی بۆ پیاوی ئایینی دەبێت نەک بۆ دادوەر. نەک هەر ئەوە، بەڵکو ژن بە کردەوە دەبێتە کەنیزە ئەگەر هەموارکردنەکە پەسەند بکرێت، هیچ بۆچوونێکی لەسەر چارەنووسی خۆی نابێت و مافی هیچ بڕیارێکی نابێت. بۆ نموونە ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوسەر و ژندا ڕووبدات و ژنەکە یاسای هەڵبژارد و لە دادگا سکاڵای لە مێردەکەی کرد، دادوەر لە پیاوەکە دەپرسێت سەر بە چ مەزهەبێکە، ئەگەر وەڵامی دایەوە کە جەعفەرییە بۆ نموونە، ئەوا بە گوێرەی ئەوەی مەزهەبەکە دەیڵێت بڕیار دەدات نەک بە گوێرەی ئەوەی یاسا دەیڵێت.

پەکخستنی یاسا
شتێکی تر، بە گوێرەی هەموارکردنەکە هیچ سزایەک نییە بۆ ئەوانەی لە دادگا گرێبەست ناکەن، چونکە گرێبەستی پیاوی ئایینی بە بنەڕەتی دادەنرێت. ئەمەش واتای پەکخستنی یاسایە بەڵکو ڕووخانی دامەزراوەی دادوەرییە.
پیرۆزبایی لەو چالاکوانانە دەکەین کە خۆپیشاندانیان کرد و دروشمی دژ بە هەموارکردنەکەیان هەڵگرت. گرنگتر، پێویستە هێزە مەدەنی و پێشکەوتنخواز و ئایینییە میانڕەوەکان و چالاکوانان بەردەوام بن لە خۆپیشاندان و سوود لەو ڕاستییە وەربگرن کە لە ڕووی دەروونییەوە، حوکمڕانە شکستخواردووەکان کە لە ماوەی بیست ساڵدا هیچ دەستکەوتێکیان بۆ نیشتمان و هاووڵاتی بەدەست نەهێناوە، هەوڵ دەدەن قەیران دروست بکەن بۆ ئەوەی گەل سەرقاڵ بکەن لە ڕزگاربوون لێیان. دواترینیان هەموارکردنی یاسای باری کەسێتییە. داواکراوە ئەمە لە خۆپیشاندان و دروشمەکانیاندا بەکار بهێنن. لە ئاشکراکردنی شکستی سیاسییان و خراپ بەڕێوەبردنی کاروباری خەڵک و هەژارکردنی ملیۆنان کەس لە وڵاتێکدا ، کە بە دەوڵەمەندترین وڵاتی ناوچەکە دادەنرێت، ئەمەش وایان لێدەکات لاواز بن لە بەرامبەر مافە ڕەواکەتان بۆ ڕەتکردنەوەی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی، کە بە باشترین یاسا دادەنرا لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی.

ھەواڵی زیاتر