سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: پێویستە لایەنە سیاسییەكان كۆتایی بە ناكۆكییەكان بھێنن

كێشەكانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ھەڵپەسێراویی ماونەتەوە و سەرۆكی ئەنجوومەنەكەش دەڵێت: دەستپێخەرییەكی نوێی بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە سیاسییەی لە پارێزگاكە ھەیە، دەستی پێ كردووە.

ئەم جارە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكە دەیەوێت خۆی تاقی بكاتەوە و دەستپێشخەرییەکی نوێی ڕاگەیاند بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە سیاسییەی کە نزیكەی دوو مانگە لەو پارێزگایە بەردەوامە.

ئەحمەد حاسوود، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، دەستپێشخەرییەکە بانگهێشتکردنی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی نەینەوا لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەوەی لەسەر مێزی دیالۆگ دابنیشن و کۆتایی بەو قەیرانە سیاسییە بهێنن کە پارێزگاکە بەدەستییەوە گرفتارە.

ئاماژەی بەوەش كرد، ناکۆکییەکان لە بەرژەوەندیی خەڵك و پارێزگاكەدا نییە و پێویستە لایەنە سیاسییەكان كۆتایی بە ناكۆكییەكان بھێنن بۆئەوەی سەرنجیان لەسەر ئاوەدانکردنەوە و خزمەتکردنی پارێزگاکە بێت.

پێشتر پێشتر محەمەد عەبد ڕەبە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئاشکرای کردبوو، ئاماژەی دڵخۆشكەر ھەن بۆ وەلاوەنانی ناكۆكییەكانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگا و بەم نزیکانە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی فراكسیۆنەكان لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.

ڕۆژی 2ـی تەممووزی ڕابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە سەرۆكایەتی خودی ئەحمەد حاسوود و بێ بەشداریی فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو و پارتی، گۆڕانی لە ژمارەیەک پۆستی کارگێڕی کرد، ئەمەش ناكۆكی لێ كەوتەوە و ئەنجوومەنەكەی بەسەر دوو بەرەدا دابەش كرد، بەرەیەك لە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو و یەکێتی پێك ھاتووە، ئەم بەرەیە لەلایەن كەسانی وەكو ڕەیان كلدانی و شیعەكان ئاراستە دەكرێت، بەرەكەی دیكەیش لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو واتە بەشێكی سوننەکان و پارتی پێک هاتووە و دوای گۆڕانەکان دانیشتنەکانی ئەنجوومەنیان هەڵپەساردووە.