لە قەزای بەعاج مینێکی سەردەمی داعش بە خێزانێکدا تەقییەوە و قوربانی هەیە

لە گوندێکی قەزای بەعاج، مینێکی سەردەمی داعش بە خێزانێکدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا چوار کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-09-2024، مینێکی سەردەمی داعش، کە لە نێو خانووێکی چۆڵکراوی گوندی باشووری قەزای بەعاجی نەینەوا دانرابوو، بە خێزانێکدا تەقییەوە.

ئەحمەد یوسف، قائیمقامی قەزای بەعاج ڕاگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەکە چوار ئەندامی خێزانەکە کوژراون و چەند کەسێکی دیکەش بریندارن.

هەمان سەرچاوە ڕاشیگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە و بریندارەکانیش بۆ نەخۆشخانەیەکی قەزای بەعاج گوازراونەتەوە؛ بەڵام برینی بەشێکیان سەختە.  

قائیمقامی قەزای بەعاج باسی لەوەش کرد، خێزانەکە ئاژەڵدارن دەکەن، ئەمڕۆ چوونەتە ئەو گوندە و ویستوویانە لەنێو خانووەکەدا نیشتەجێ ببن و لەو کاتەدا مینەکەیان پێدا تەقیوەتەوە.

ھەواڵی زیاتر