لە 3 ساڵدا، زیاتر لە 53 هەزار حاڵەتی توندوتیژیی خێزانی لە عێراق تۆمار کراون

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 53 هەزار حاڵەتی توندوتیژیی خێزانی لە پارێزگاکانی عێراق تۆمار کراون کە زۆرترینیان لە بەغدا بوون.

سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئامارێکی لەسەر بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژیی خێزانی بەگوێرەی ژمارەی سکاڵاکان لە دادگانی عێراق بڵاو کردووەتەوە کە بە گوێرەی ئامارەکە زۆرترین حاڵەتەکان لە بەغدا تۆمار کراون. ئاماژە بەوەش دەکات، ژمارەیەکی زۆر لە حاڵەتەکان لە دژی منداڵان و بەساڵاچووان هەن کە شاراوەن و نەکراون بە سکاڵا.

بەگوێرەی ئاماری سەنتەرەکە، لە سێ ساڵدا 53 هەزار و 889 سكاڵای توندوتیژیی خێزانی لە پارێزگاکانی عێراق تۆمارکراون. کە 13 هەزار و 857 سکاڵا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 ، 18 هەزار و 436 سکاڵا لە ساڵی 2023 هەروەها 21 هەزار و 595 سکاڵا لە ساڵی 2022، تۆمار کراون.

بە گوێرەی داتاکانی سەنتەرەکە لە تێکڕای سێ ساڵی ڕابردوودا توندوتیژیی خێزانی و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لەلایەن پیاوەکانیان بە ڕێژەی 75٪ زیادی کردووە هەروەها دەستدرێژیی ژنانیش بۆ سەر پیاوان بە ڕێژەی 17٪ تۆمارکراوە ئەمە جگە لەوەی توندوتیژیی بۆ سەر منداڵان بە ڕێژەی 6٪ و بۆ سەر گەورانیش بە ڕێژەی 2٪ تۆمارکراوە.

سەنتەری ستراتیجیی هۆیەکانی زیادبوونی توندوتیژی بۆ کەمی ڕۆشنبیریی هاوسەران، کێشەکانی ئابووری، جیاوازیی بۆچوونی ئایینی لەنێوان هاوسەران، خراپ بەکارهێنانی ئامرازەکانی گەیاندن لە نێویاندا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زیادبوونی خیانەتیی هاوسەران و زیادبوونی ڕێژەی تووشبووان بە ماددە هۆشبەرەکان؛ دەگەڕێنێتەوە.

هەروەها لە ڕاپۆرتی سەنتەرەکەدا هاتووە لە دادگاکانی لێکۆڵینەوە ژمارەیەکی زۆر سکاڵا بەهۆی توندوتیژی جەستەیی و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنان تۆمار دەکرێن، بەڵام حاڵەتی شاراوەکانی توندوتیژیی دژی منداڵان و بەساڵاچووان زیاترن کە تۆمار نەکراون هەروەها دادگاکان بە کەمتەرخەم دەزانێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییەکاندا.

ڕوونیشی دەکاتەوە زۆرترین حاڵەتەکان لە شاری بەغدا تۆمارکراون کە 31٪ـەو کەمترینیشی لە پارێزگای سەڵاحەددینە کە رێژەکە 5٪ـە.

سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ داوا لە چالاکوانانی بواری کۆمەڵایەتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات هەڵمەتێکی هۆشیاری بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان بەڕێوەببەن و داواش لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق و یاسادانەران دەکات یاسای توندوتیژی خێزانی دەربکەن.

یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە عێراق لە ساڵی 2011ـەوە پێشنیازکراوە کە ڕەشنووسەکە لەلای رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی جێگەی پەسەندە بەڵام تاوەکو ئێستا لەپەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەدراوە و نەکراوەتە یاسا.

ھەواڵی زیاتر