بەرگریی ئاسمانیی عێراق: ئەو درۆنەی لە کەرکووک خراوەتە خوارەوە “تورکییە”

عەمید عەبدولسەلام حەموودی، جێگری بەرپرسی بەرگریی ئاسمانیی ناوچەی باکووریی عێراق، ڕاگەیاند، ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەی لە ئاسمانی کەرکووک خستوویانەتە خوارەوە “تورکییە” و لە جۆری “ئەنکا”ـیە.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە نزیکەی کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-08-2024، خراوەتە خوارەوە و بووەتە سێ پارچە؛ پارچەیەک لە گەڕەکی “تسعین”  لە شەقامی “قودس”، پارچەیەک لە نێو حەوشەی ماڵێک و پارچەیەکی دیکەش لە گەڕەکێکی دیکەی شاری کەرکووک کەوتووەتە خوارەوە.

جێگری بەرپرسی بەرگریی ئاسمانیی ناوچەی باکووریی عێراق باسی لەوەش کرد، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە سنووری سلێمانییەوە چووەتە ئاسمانیی شاری کەرکووک و پێشتر مۆڵەتی لە بەرگریی ئاسمانیی فیدراڵی وەرنەگرتبوو، بۆیە خستوویانەتە خوارەوە.

لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانیش، بە گوێرەی هەمان سەرچاوە کرێکارێک بەهۆی ڕووداوەکەوە برینداربووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە؛ هاوکات زیانی ماددی بەر خانووی هاووڵاتییەک گەیشتووە.  

یەکێک لە پارچەکانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە کە لە گەڕەکی “تسعین”  لە شەقامی “قودس” کەوتووەتە خوارەوە، ئاگری گرتبوو و دواتر لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی کەرکووکەوە کۆنترۆڵ کراوە.

تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی ڕووداوەکەوە نەداوە.