په‌رله‌مانی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ بۆ سێ پڕۆژه‌ یاسا ده‌كرێت

په‌رله‌مانی عێراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی شەممەی داهاتووی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ سێ پڕۆژه‌یاسا ده‌كات و تاوتوێی پڕۆژه‌ یاسایه‌كی دیكه‌ش خراوه‌ته‌ كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه، هاوكات ده‌نگدان به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ كارنامه‌كه‌دا نییه‌.‌

 فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنه‌یه‌كی له‌ میدیا عێراقییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كارنامه‌ی دانیشتنی رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتووی ئاشكراكردووه‌ و تیایدا خوێندنەوە بۆ ڕاپۆرت و پێشنیار و ژمارەیەک ڕەشنووسی یاسا دەکرێت و دانیشتنه‌كه‌ش له‌ كاتژمێر 1ی دوای نیوه‌ڕۆ ده‌ستپێده‌كات.

 له‌ دانیشتنه‌كه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ هه‌مواری یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شێرپه‌نجه‌ و یاسای پاراستنی موڵكیه‌تی هزری و مافی چاپ و بڵاوكراوه‌ ده‌كات. 

هاوكات خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسای به‌ئه‌ندامبوونی عێراق له‌ رێككه‌وتنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌تۆم ده‌كات و گفتوگۆش له‌ باره‌ی ره‌شنووسی یاسای ته‌حكیم ده‌كرێت.