ئاماری تووشبوانی نه‌خۆشی تالاسیمیا لە عێراق له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌

ئاماری تووشبوانی نه‌خۆشی تالاسیمیا لە عێراق له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌ و ڕێكخراوه‌ ته‌ندروستییه‌كانیش ئاشكرای ده‌كه‌ن زیاتر له‌ 30 هه‌زار  حاڵه‌تی تووشبوو به‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ عێراق هه‌ن.

 عامر جومه‌یلی، سه‌رۆكی ڕێكخراوی به‌هاناوه‌چوونی تووشبوانی تالاسیمیا رایگه‌یاند زیاتر له‌ 30  هه‌زار تووشبوو به‌ نه‌خۆشی تالاسیمیان له‌ عێراق تۆمار كراون.

 جه‌ختیشی كرده‌وه‌ له‌ ساڵی 2013ه‌وه‌  چاودێریی دۆخی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌كه‌ن به‌ڵام ساڵانه‌ ئاماره‌كانی تووشبوون به‌ تالاسیمیا به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

راشیگه‌یاند، له ‌كاتێكدا هه‌زاران تووشبوو شه‌ڕ له‌گه‌ڵ مه‌رگ ده‌كه‌ن و تووشی داڕووخانی ده‌روونی بوونه‌، حكوومه‌ت هیچ هه‌نگاوێكی نه‌ناوه‌ بۆ فه‌راهه‌مكردنی ده‌رفه‌تی چاندنی مۆخی ئێسك و ده‌سته‌به‌ركردنی ئامێری پێشكه‌وتووی پشكنینی ورد بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه.

 وتیشی ئه‌و راستییه‌كه‌ ده‌ ده‌بێـت حكومه‌ت به‌و كاره‌ هه‌ڵبستێت چونكه‌‌ تێچووه‌كه‌ی زۆر به‌رزه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا هیچ تیمێكی پزیشكی تایبه‌تیش بۆ ئه‌و تووشبووانه‌ له‌ناو عێراق ده‌سته‌به‌ر نه‌كردووه‌. 

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ هه‌ر نه‌خۆشێكی تالاسیمیا ته‌نیا بۆ  چاره‌سه‌ر و كڕینی ده‌رمان  زیاتر له‌ 10 هه‌زار دۆلاری پێویسته‌. هاوكات زۆربه‌ی تووشبووه‌كانی تالاسیمیا له‌ خێزانه‌ هه‌ژاره‌كانن و توانای دابینكردنی ئه‌و دەرمانانەیان نییه‌.