وشكه‌ساڵی و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو زۆنگاوه‌كانی پارێزگای میسان وشک دەکەن

وشكه‌ساڵی و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو هه‌ڕه‌شه‌ له‌ زۆنگاوه‌كانی پارێزگای میسان دەکەن، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سه‌دا 80ـی ڕووبه‌ری زۆنگاوه‌كانی سنووری ئه‌و شاره‌ له‌ناوچوون. ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای شاره‌كه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی وشكه‌ساڵی و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو زیانێكی گه‌وره‌ به‌ر سامانی ماسی و ئاژه‌ڵداریی  لە زۆنگاوه‌كاندا كه‌وتووه‌.

وشكه‌ساڵی به‌هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاسایشی خۆراك و سامانی ئاژه‌ڵ و ماسیی له عێراق داده‌نرێت، كه‌ ساڵانێكه‌ به‌هۆی كه‌می باران بارین و به‌رنه‌دانه‌وه‌ی ئاوی دیجله ‌و فورات له‌ لایه‌ن وڵاتانی دراوسێوه‌، كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ختی له‌سه‌ر ژیان و دانیشتووانی زۆنگاوه‌كانی باشووری عێراق دەرکەوتووە.

مسته‌فا عه‌جیل، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای میسان دەڵێت: ئه‌و وشكه‌ساڵییه‌ی ڕووبه‌ڕووی زۆنگاوه‌كان بووه‌ته‌وه‌ جێی مه‌ترسین و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌دا 80ـی ڕووبه‌ره‌كانیان له‌ده‌ست داوه‌.

عه‌جیل ده‌شڵێت: میسان یه‌كێكه‌ له‌و شارانه‌ی زۆنگاوێكی زۆری تێدایه‌، به‌ڵام له‌سه‌ردەمی ڕژێمدا به‌شی زۆریان وشككران و ئێستا ڕێژه‌كه‌ له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ سه‌دا 80ـی سامانی ماسی و ئاژه‌ڵداری، به‌هۆی پیسبوونی ژینگه‌ی زۆنگاوه‌كان و كه‌مبوونه‌وه‌ی پشكی ئاوی پارێزگاكه‌وه‌ له‌ناوچوونە.

مه‌ترسییه‌كانی وشكبوونی زۆنگاوه‌كان له‌ باشووری وڵات ته‌نها میسانی نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، لە پارێزگای زیقاریش‌، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌هۆی كه‌میی ئاو و به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی خوێ له‌ ئاوه‌كاندا، بوونه‌ته‌ سه‌دا 60ـی سامانی ماسی لەدەست دراوە‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ یاس خه‌فاجی، گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای زیقار دەڵێت: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكانی وشكبوونی زۆنگاوه‌كان و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی هه‌زاران خێزان كه‌ پشتیان به‌ كاری كشتوكاڵی، به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ و ڕاوه‌ماسی به‌ستووه‌، کراوە.

ئاماژەی بەوەش دا “له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیاندا ده‌ركه‌وتووه‌، له‌ زیقار سه‌دا 60ـی سامانی ماسی به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو له‌ناوچوون و به‌شێكی كه‌میش له‌ چێڵ و گامێش ماون، به‌هۆی وشكه‌ساڵیشه‌وه‌ تادێت ڕێژه‌ی ئاواره‌بوون به‌رزدەبێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دۆخێكی مه‌ترسیداره‌ و له‌ ئایینده‌دا خراپتریش ده‌بێت”.