بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەی زیادکردنی مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانی عێراق هەرا دەنێتەوە

چەند بەڵگەنامەیەک بڵاو کراوەتەوە کە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بڕیاری زیادکردنی مووچەی پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی پەرلەمانی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و بە گوێرەی زانیارییەکان پەرلەمانتاران چاوەڕێی مووچەی مانگی ئاب دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە کە زیادەی مووچەکانیان بۆ کراوە، یان نا؟.

بە گوێرەی بەڵگەنامەکان، لە حەوتەمین کۆبوونەوەی وەرزی دووەمی ساڵی سێیەمی یاسادانان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتاران دەنگیان لەسەر بڕیارێک داوە بۆ زیادکردنی مووچە و دەرماڵەی ئەندامانی پەرلەمان و هاوتاکردنی لەگەڵ مووچە و دەرماڵەی وەزیرەکان.

هەر لەو بڕیارەی پەرلەمانی هاتووە، کە ڕێژەی 30% بەناوی ‘مەترسی’ لەسەر مووچەی بنەڕەتی (إسمي) بۆ فەرمانبەرانی پەرلەمانی عێراق زیاد بکرێت.

هەروەها بڕیارەکەی پەرلەمان بە نووسراوی ژمارە 143 لە 11/8/2024 بە ناوی ڕاستییەکانی دانیشتنی پەرلەمان ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت.

لە بارەی ئەم بەڵگەنامانەی تایبەت بە زیادکردنی مووچەی پەرلەمانتارانی عێراق بڵاوکراونەتەوە، نوور نافیع جەلیحاوی، پەرلەمانتار لەسەر لیستی ئیمتداد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پەیامێکی دەنگی بڵاو کردووەتەوە و بێ ئاگایی خۆیی لە بڕیارەکە ڕایگەیاندووە و دەڵێت: من لەو دانیشتنەی پەرلەمان ئامادە نەبووم، چونکە نەمدەویست ڕێژەی یاسای بۆ تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، تەواو بێت.

هەروا ئاماژەی داوە “لەو دانیشتنەدا، هیچ بڕگەیەکی تایبەت بە زیادکردنی مووچە و دەرماڵەی پەرلەمانتاران نەبووە، بەڵام بەهۆی بڕینی 40%ی مووچەی پەرلەمانتاران لە مانگی تەممووز، پەرلەمانتارەکان داوای ڕوونکردنەوەیان کردووە، هەربۆیە دەستەی سەرۆکایەتیی بڕیاریدا لە ئەکێک لە دانیشتنەکاندا ئەم پرسە گفتوگۆی لەسەر بکرێت”.

لەلایەکی دیکەوە  پەرلەمانتار حسێن عەلی کەرعاوی، کە ئەندامی لێژنەی ڕێکخستنەکانی بزووتنەوەی خەڵکە بە کەناڵی جەزیرەی قەتەری ڕایگەیاندووە “هەموو ئەوانەی گەیشتوونەتە پەرلەمان بانگەشەی خزمەتکردنی خەڵک دەکەن، بەڵام هەموویان لە پەیام و بانگەشەکانیان دوورن و تەنیا بە دوای کورسی و پۆست و پارەوەن”.

بڕیارەکە بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەرکراوە و بە مافی خۆمان دەزانین مووچەکانمان زیاد بکرێ، چونکە پێشتر مووچەی پەرلەمانتاران کەم کرایەوە و ئەو دابەشکارییەی لەسەر بنەمای بڕوانامە کرا نا دادپەروەریی بوو، چونکە هەموو پەرلەمانتاران یەک ئەرکیان هەیە و دەبێت لە مووچە و مافیش یەکسان بن.

هەر پەرلەمانتارێک بڵێت دژی بڕیارەکە بووم، ڕاست ناکات و بە کۆی دەنگ، دەنگ بە بڕیاری زیادکردنی مووچەی پەرلەمانتاران دراوە و ئێستاش چاوەڕێی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکەن بۆ ئەوەی بزانن بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ زیادکردنی مووچەکانیان جێبەجێکراوە یان نا؟”.

ئاشکرابوونی بەڵگەنامەکانی بڕیاری پەرلەمان بۆ زیادکردنی مووچەی پەرلەمانتاران و ئیمتیازاتەکانیان و چاوخشاندنەوە بە دۆخی گوزەران و بژێویان، لە کاتێکدایە کە دادگای فیدراڵی لە ساڵی 2018 بڕیاری کەمکردنەوەی مووچەی پەرلەمانتاران و پلە باڵاکانی دەرکرد، بە گوێرە بڕیارەکە مووچەی پەرلەمانتاران لە هەشت ملیۆن و 200 هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی شەش ملیۆن دینار کەم کرایەوە، هەروەها بڕوانامە و ساڵانی خزمەتیش کرایە بنەمایەک بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی پەرلەمانتاران.

ھەواڵی زیاتر