بەغدا؛ هێزە ئەمنییەکان دەیان دەرچووی بەشە پزیشکییەکان خەڵتانی خوێن دەکەن

دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی زانکۆکانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، بۆ چەندەم جار لەبەردەم تەلاری وەزارەتی تەندروستیی عێراق گرد بوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پەلامار دراون دەیان کەسیان  بریندار کراون.

دووەمین هەفتەیە لەسەر یەک، دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لە پارێزگا و شارە جوداکانی عێراق بۆ خۆپیشاندانی مەدەنیانە لە بەغدا چوونەتە بەردەم وەزارەتی تەندروستی، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە زەبری هێز هەوڵی بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەرانیان کردووە و بەهۆیەوە توندوتیژی لێکەوتووەتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە دەیان خۆپیشاندەر بە شێوەی جیاواز بریندار کراون.

هەروەها بۆ ئەوەی دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت، وەلید خەلیفە، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا چووەتە بەردەم وەزارەتی تەندروستی.

لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، گوایە خۆپیشاندەران هەوڵیان داوە بچنە نێو باڵەخانەی وەزارەتی دارایی، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە ئەرکی یاسایی خۆیان هەڵساون و ڕێگریان کردووە و بەهۆیەوە توندوتیژی دروستبووە.

هەروا ئاماژەی داوە بەهۆی توندوتیژییەکانەوە ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوونە.

یەکێک لە خۆپیشاندەرە بریندارەکان بۆ کوردستان24 دوا و گوتی: ئێمە بە هێمنی و ئاشتیانە داوای مافی خۆمان بکەین بە بەرزکردنەوەی ئاڵای عێراق ویستمان داواکارییەکانمان بۆ دامەزراندن بگەیەنین کە مافێکی دەستووریی خۆمانە، دوای چەندین ساڵ خوێندن و تەواوکردنی زانکۆ دەبێت دابمەزرین، بەڵام لێرە هێزەکان پەلاماریان داین.

خۆپیشاندەرێکی دیکە گوتی: لەبەر ئەم خۆرە گەرمە کۆبووینەتەوە، بە جلوبەرگی تایبەت بە پیشە تەندروستییەکانەوە هاتووین داوای مافی خۆمان دەکەین، وڵاتێک ژێر خاکەکەی هەمووی نەوت بێت و بیفرۆشێت، چۆن ناتوانێت ڕۆڵەکانی دامەزرێنێت و دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێنێت؟.

هەروا داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد چیتر خۆی لە ئاستی پەلاماردانی خۆپیشاندەران بێدەنگ نەکات و چاوێک لە دۆخ و گوزەرانی لاوان و دەرچووانی زانکۆکان بکات کە بێکارن.

زیاتر لە 50 هەزار خۆپێشاندەر کە هەموویان لە دەرچووانی پیشە تەندروستییەکانن داوای پشکی دامەزراندنی ڕاستەوخۆی ناوەندی دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە وەزارەتی تەندروستی بەر لە هەمواری یاسای پیشە تەندروستییەکان و بە سەرەکی دانانی دامەزراندنی پزیشکە دەرچووەکان، کارکردنی بە یاسا کۆنەکە ڕاگرتووە کە دەرفەتی دامەزراندنی پیشە تەندروستییەکانی دەدات، بەمەش دەرچووانی کۆلێژەکانی دەرمانسازی، پزیشکی ددان، تەکنیکە پزیشکییەکان و شیکاری نەخۆشییەکان مافی دامەزراندنیان نییە لە کەرتی گشتیی بەهۆی ئەوەی ژمارەی ئەو پسپۆرانە لە ڕادە بەدەر زۆر بووە لە نەخۆشخانە حکوومەتییەکاندا.

ھەواڵی زیاتر