ژمارەی هاتنی زیارەتکاران بۆ عێراق ئاشکرا کرا


ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی ئابی 2024، لیژنەی باڵای ئەمنی، ژمارەی ئەو زیارەتکارە بیانیانەی ئاشکرا کرد کە لە 5ـی ئابەوە تا 14ـی هەمان مانگ هاتوونەتە ناو عێراقەوە.

گوتەبێژی لیژنەکە، عەمید میقداد میری، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “لە 5ـی ئابی ئەمساڵەوە تا 14ـی هەمان مانگ، نزیکەی 900 هەزار زیارەتکار لە سەرجەم دەروازەکانی وشکانی و ئاسمانییەکانەوە هاتوونەتە عێراق”. ئاماژەی بەوەش کردووە “هیوادارە لە ڕۆژانی داهاتوودا ژمارەی زیاتری زیارەتکاران بێنە وڵاتەوە”.

لە لایەکی دیکەوە، مەجید میر ئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران و سەرۆکی لیژنەی ناوەندیی ئەربەعین، ڕایگەیاند “900 هەزار زیارەتکار لە ڕێگەی شەش دەروازەی سنوورییەوە هاتوونەتە خاکی عێراق”.

هەروەها بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی پارێزگای سلێمانی، دوێنێ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پێشوازیی لە مەجید میر ئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندی یاوەری کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی پارێزگاکە، سەردانی ئەو شاندەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شاری سلێمانی، دوای هەماهەنگیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگا سنورییەکاندا دێت بەمەبەستی سەردانیکردنی دەروازە نێودەوڵەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێن (ڕەزای خوای لێ بێت).

ھەواڵی زیاتر