یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

له‌ به‌غدا 5 ئه‌ندامی گروپێكی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ ده‌ستگیركران

ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ گروپه‌ تاوانكاره‌كان به‌ به‌رده‌وامی له‌ عێراق زیاد ده‌كه‌ن و كوشتن و رفاندن و بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بوونه‌ته‌ دیارده‌ی مه‌ترسیدار و سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی فیدڕاڵی، به‌ڵام ئه‌م گروپانه‌ به‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌كرندان.

 ئه‌م جاره‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا له‌ به‌غدا پێنج ئه‌ندامی گروپێكی مه‌ترسیدار ده‌ستگیركران. به‌ گوته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی كه‌ قسه‌ی بۆ میدیا عێراقییه‌كان كردووه‌، له‌ ناوچه‌ی سه‌یدیه‌ی كه‌رخی به‌غدا، هێزێكی پۆلیس هه‌ڵیكوتاوه‌ته‌ سه‌ر یه‌كێك له‌ باڵه‌خانه‌كانی نیشته‌جێبوون و پێنج كه‌سی ده‌ستگیر كردووه‌ كه‌ ئه‌ندامی گروپێكی تاوانكاری رفاندن و بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ بوونه‌، به‌ گوته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ یه‌كێك له‌ تاوانباره‌كان خه‌ڵكی به‌نگلادیشه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ش خه‌ڵكی عێراقن كه‌ یه‌كێكیان كچێكی ته‌مه‌ن 17 ساڵ بووه‌.
ئاشكراشی كردووه‌، هه‌ر له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ توانیویانه‌ كچێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵ رزگاربكه‌ن كه‌ له‌نێو شوققه‌ی تاوانباران ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌ و ژماره‌یه‌ك پارچه‌ چه‌ك و سێ نارنجۆكیش ده‌ستیبه‌سه‌ردا گیرا.