لە بەغدا نزیکەی 50 کەس دەستگیرکران

فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا دەستگیرکردنی 49 کەس و دەستبەسەرداگرتنی فرۆشگایەکی بێمۆڵەتی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانی لە بەغدا ڕاگەیاند.

فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “دوای پێگەیشتنی زانیاری سەبارت بە بوونی فرۆشگایەکی بێمۆڵەت بۆ فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان لە ناوچەی کەڕادە، مەفرەزەیەکی پۆلیس بە هاوکاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی دیکە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنەکە”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە “42 سەرپێچیکار و حەوت کەس لە نەتەوە جیاوازەکان بە تۆمەتی سەرپێچیکردنی مەرجەکانی نیشتەجێبوون دەستگیر کراون. هەروەها دەست بەسەر ڕێژەیەکی زۆری خواردنەوە کحولییەکانیشدا گیراوە و ڕادەستی لایەنی پەیوەندار کراوە و ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتە بەر”.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرای کردووە “هێزێکی سەر بە پۆلیسی کەرخ هەڵیانکوتاوەتە سەر یەکێک لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە ناوچەی سەیدیە و پێنج کەسیان دەستگیر کردووە، کە ئەندامی گرووپێکی ڕفاندن و بازرگانیی بە مرۆڤ بوون و لە نێوان دەستگیرکراوەکاندا کەسێکی بە ڕەچەڵەک بەنگلادیشی هەیە، بەڵام ئەوانی دیکە عێراقیین کە یەکێکیان کچێکی لەدایکبووی ساڵی 2007 ـە”.

هەر بە گوتەی سەرچاوەکە، لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا توانراوە کچێکی ڕفێندراو ئازاد بکەن کە لەدایکبووی ساڵی 2006ـە، کە لە ناو شوقەکەدا دەستبەسەر کرابوو، هەروەها دەستگیراوە بەسەر پارچە چەکێک و سێ نارنجۆکدا.

ھەواڵی زیاتر