مێدیاکانی پاکستان: سێ پاکستانی لە عێراق سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە

ئەمڕۆ یەکشەممە، مێدیاکانی پاکستان ئاشکرایان کرد، لە عێراق سێ پاکستانی ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە. کە دوویان ئامۆزان و بۆ سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان چوونەتە عێراق و دواتر لە بازاڕەکانی ئەوێ و دەستیان بەکار کردووە، بەڵام بەتۆمەتی کوشتنی کەسێک سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە پاکستانییەکان، دادگەیەکی عێراقی دوو گەنجی خەڵکی شاری گوجرانواڵە بە ناوەکانی شوعەیب ئەختەر و عومەر فاروق لەگەڵ ئامۆزایەکی عومەر بەناوی عەلی حەیدەر، بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ گروپە تیرۆریستییەکان، کوشتن و تاوانەکانی دیکە و سزای لە سێدارەدانی بەسەریاندا سەپاندووە.

کەسوکاری ئەو گەنجانە لە گوجرانواڵە بە ڕۆژنامەی “ئێکسپرێس تریبیون”یان ڕاگەیاندووە، ئەوان بە ڤیزەی زیارەت گەشتیان کردووە، نزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوبەر ئەو دوو ئامۆزایە عومەر و عەلی عێراقیان بەجێ هێشتووە.

ئەو دوو گەنجە تەمەن 17 ساڵە ڤیزایان وەرگرتبوو و چوونەتە عێراق، بەڵام لەبری ئەوەی بگەڕێنەوە، دەستیان کردووە بە کارکردن لە عێراق، بۆ ئەوەی لەڕووی داراییەوە بژێوی خێزانەکانیان دابین بکەن.

بنەماڵەی ئەو گەنجانە جەختیان لەوە کردەوە، کە ئەوان لە هیچ چالاکیەکی تاوانکاری تێوەنەگلاون. شوعەیب و عومەر کاتێک ڕۆیشتن بۆ عێراق ڕەوشی ئابوورییان باشتر بوو.

باوکی عومەر باسی لەوە کرد، هاووڵاتییەکی پاکستانی لە عێراقەوە تەلەفۆنی بۆ کردوون و پێی ڕاگەیاندوون کە کوڕەکانیان ڕووبەڕووی تۆمەتی کوشتن و تیرۆر دەبنەوە؛ ئەو دەڵێت: ئەو گەنجانە بەبێ گرتنی پارێزەر ناتوانرێت ڕزگار بکرێن، ئەمەش پێویستی بە 400 هەزار ڕوپیە دەبێت.

خێزانەکە بانگەشەی ئەوەیان کردووە، دوای وەرگرتنی قەرز 350 هەزار ڕوپیەیان ناردووە بەڵام هیچ پارێزەرێک دانەنراوە و لە دادگا گوێی لە تۆمەتبارەکان نەگیراوە و دەڵێن دایکی عەلی بەهۆی ئەو بابەتەوە ئیفلیج بووە.

مامی عومەر گوتی: ئەو گەنجانەی ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە، بێتاوان و بێدەسەڵاتن، داواشی لە حکومەت کرد هاوکارییان بکات، هاوکات کەسوکاری سزادراوان پێیان وابوو دەبوو دەرفەتی ئەو گەنجانە بدرایە لە دادگا بەرگری لە خۆیان بکەن، هەروەها دەشڵێت: پێویستە حکوومەت پارێزەرێکیان بۆ دابین بکات بۆ ئەوەی ژیانیان ڕزگار بکات.

بەڵام بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، ئەو سێ گەنجە لەناو گروپێکی تیرۆریستیدا کاریان کردووە و کەسێکیان کوشتووە، هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی دادگا، تۆمەتباران دانیان بەوەدا ناوە کە تاوانەکەیان کردووە.

دادگای عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەو سێ کەسەدا سەپاند، و مافی ئەوەیان هەیە لە ماوەی 30 ڕۆژدا لە دوای بڕیارەکەوە تانە بدەن، بەڵام خێزانی ئەو پیاوانە ڕایانگەیاند، کە توانایان نییە بۆئەوەی یارمەتان بدەن، داواشیان لە حکوومەتی وڵاتەکەیان کردووە، لەسەر ئاستی دیپلۆماسی پاڵپشتییان بکات.

ھەواڵی زیاتر