سیستانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەکەی غەززە سەرکۆنە دەکات

مەرجەعی باڵای شیعەکان لە نەجەف هێرشە خوێناوییەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ کەرتی غەززە سەرکۆنە دەکات و دەڵێت: بە بۆمبارانکردنی قوتابخانەیەک کە ئاوارە و لێقەوماوانی تێدا داڵدە درابوو، جارێکی دیکە کۆمەڵکوژییەکی گەورەی خەڵکی سڤیلیان کرد.

نووسینگەی سیستانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی داوە “هێرشەکەی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ئاوارەکانی نیشتەجێی قوتابخانەکەی کەرتی غەززە، تاوانێکی تۆقێنەرە و دەچێتە پاڵ زنجیرە تاوانەکانی زیاتر لە 10 مانگە بەردەوامە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بێ تاوان و سڤیل شەهید و بریندارکراون”.

هەروەها ئاماژەی داوە “لەم دوایانەدا سوپای ئیسرائیل بە کردە تاوانکارییەکانی بۆ کوشتنی گەورە سەرکردەکانی بەرەی مقاوەمە و سەروەریی چەند وڵاتێکیشی لە ناوچەکە پێشێل کردووە، ئەمە کاریگەری کردووەتە سەر زیادبوونی مەترسیی پێکدادانی گەورە لە ناوچەکە”. دەشڵێت: خوا نەکردە ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوا لێکەوتەیەکی وێرانکاری لە وڵاتان و گەلانی ناوچەکە دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سیستانی هاتووە “دیسانەوە داوا لە جیهان دەکەینەوە، ڕێگرە لەو دڕندەییە قێزەونە بگرن بۆ ئەوەی چیتر هێزی داگیرکەر پیلانەکانی بۆ ئەزیەت و ئەشکەنجەدانی زیاتری گەلی فەڵەستینی ستەمدیدە نەکات، بە تایبەتیش داوا لە کۆمەڵگەی ئیسلام دەکەین بۆ ئەوەی دەست لە ناو دەست بن بۆ فشار دروستکردن بە ئاراستەی کۆتایی هێنان بە شەڕ و کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززە و هیچ نەبێت هاوکاریی زیاتر بگەیەننە خەڵکی غەززە”.

ئەمڕۆ شەممە، 10ـی ئابی 2024، بەرگری شارستانی فەڵەستین کە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا لە کاتی نوێژی بەیانیدا بۆ سەر قوتابخانەیەک لە گەڕەکی دەراج، لە ناوەڕاستی شاری غەززە، زیاتر لە 100 فەڵەستینی کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.

ھەواڵی زیاتر