تۆماس زایلەر: داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە چارەیەکی بنەڕەتی بۆ دۆخی شەنگال بدۆزێتەوە

باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق ڕایگەیاند، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت حکوومەتی بەغدا، ناسەقامگیریی ناوچەکە کۆتایی پێ بهێنن و چارەیەکی بنەڕەتیی بۆ شنگال و ناوچەکە بدۆزنەوە.

ئەمڕۆ، 3ـی ئابی 2024، تۆماس زایلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، لە یادی ڕێوڕەسمی 10ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکان گوتی: ئەمڕۆ من هاتوومەتە ئێرە بۆ پێشکەش کردنی وتارێک. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا نەتوانراوە خزمەتگوزاری پێویست بۆ ئیزدییەکان دابین بکرێت، لەوانە خزمەتگوزاری کارەبا، خوێندن و کۆمەڵێک خزمەتگوزاری دیکە.

ئەو باڵیۆزە دەڵێت: بەشێک لە ئێزدییەکان گەڕاونەتەوە بۆ شنگال، بەڵام هەموومان دەزانین کە دۆخی سەقامگیریی شنگال بەتەواوی پارێزراو نییە، بۆ ئەوانەی کە گەڕاونەتەوە هەست بە ئازادی و مافەکانیان بکەن.

ئەو باڵیۆزە دەشڵێت: یەکێتیی ئەورووپا داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، چارەیەکی بنەڕەتی بۆ ئەو ناوچەیە بدۆزێتەوە، هەروەها داوا لە حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، ناسەقامگیریی ناوچەکە کۆتایی پێ بهێنن. داوا لە هەردوو حکوومەت دەکەم بە تایبەت حکوومەتی بەغدا، بۆ ئەوەی کار بکات بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال، بە ناوچەکانی دەورووبەرییەوە.

تۆماس زایلەر ڕاشیگەیاند “من هەست بە ئاماژەی ئەرێنی دەکەم سەبارەت بە هەماهەنگییەکانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ناوەندی، بەلام بەداخەوە تاکو ئیستە نەتوانراوە ئەو ناسەقامگیرییە کۆتایی پێ بهێنرێت. ئێمە لەم بارەیەوە هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسیمان لەگەڵ هەردوو حکوومەت خستووەتە گەڕ، ئەو چارانەی دۆزراونەتەوە چارەی کورتخایەنن، پیویستە چارەی هەمیشەیی بکەن و ڕێگە بە ئاوارەکانی شەنگال و سەرجەم دانیشتوانی ناوچەکان بدەن، بگەڕێنەوە”.

هێرشەکەی داعش لە 2014 بۆ سەر شنگال؛ کوژران و ئاوارەبوونی هەزاران ئێزدی لێکەوتەوە

هێرشەکەی ڕۆژی 3ـی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا – پێشخابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان چوونە دەرەوە.

بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژران و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێدایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە، زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارە بوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.

 هەر بە پێی ئامارەکان، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا،‌ سێ ھەزار و 576 کەسیان ڕزگارکراون و زیاتر لە دوو هەزار و 600 ڕفێندراوی دیکەیش ھێشتا بزرن و چارەنووسیان نادیارە.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 85 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.

ھەواڵی زیاتر