پەرلەمانی عێراق سێ تەوەر تاوتوێ دەکات

پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی دەستی ڕژێمی پێشوو، کۆ دەبێتەوە.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، کاتژمێر 01:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 03-08-2024، پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی سێ پرۆژەیاسا کۆ دەبێتەوە.

تەوەری یەکەمیان، خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری دووەمی پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتیی ساڵی 2016ـە و تێیدا لیژنەکانی ئاسایشی و بەرگریی، مافی مرۆڤ و یاسایی، ڕاپۆرتی خۆیان لەو بارەوە پێشکەش دەکەن.

یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بریتییە لە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسایی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو. سێیەم تەوەریش پرۆژەیاسای تایبەتە بە حوکمدان.

تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی یەکێک بوو لە مەرجی سووننەکان بۆ بەشداریی لە حکوومەتەکەی سوودانی، لە ڕابردوودا چەند جارێک هەوڵ دراوە پەرلەمان خوێندنەوە بۆ ئەو پرۆژەیاسایە بکات، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانەوە نەکراوە.

ھەواڵی زیاتر