عێراق.. فڕێدانی کۆرپە لە شەقامەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بووەتە دیاردە

فڕێدانی منداڵی کۆرپە لەسەر شەقامەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بووەتە دیاردەیەکی زەق؛ چالاکوانانی بواری خێزان و توێژەرانی کۆمەڵایەتی ئەو دیاردەیە بۆ کەمتەرخەمیی حکوومەت دەگەڕێننەوە بەتایبەت بەشێکیان پەیوەندییان بە ڕێوشوێنی نەخۆشخانەکانەوە هەیە، بەشێکی دیکەی هەژاری و نەبوونیی و بەشێکی دیکەش پەیوەندییان بە داب و نەریت و کەمتەرخەمیی لە گەیاندنی هۆشیاریی خێزانەوە هەیە.

چالاکوانانی بواری خێزان بەشێک لە هۆکان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە نەخۆشخانەکان ئەو ئافرەتانە لەخۆ ناگرن کە دووگیانن و بە مەبەستی خستنەوەی وەچە ڕوویان تێ دەکەن، تاوەکوو هاوسەر یان باوک یان دایکیان لەگەڵ نەبێت. بەشێکی دیکەشی بۆ هەژاری و فشارە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێننەوە بە تایبەت کە کۆرپەکە لە ڕەگەزی مێینە بێت، ئەمە جگە لە دووگیانی لەدەرەوەی پرۆسەی زەماوەند.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، جێهێشتنی کۆرپە لەسەر شەقامەکان مەترسییەکی ڕژد لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەوپێیەی ڕەنگە تووشی نەخۆشی ببن یان ببنە خۆراکی ئاژەڵە بەرەڵلاکان، یانیش لە برسا بمرن. هەندێکیشیان لەلایەن باندەکانی سواڵکردنەوە بۆ سواڵکردن بەکار دەهێندرێن.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە مێدیاکانی ڕاگەیاندووە، دۆزینەوەی کۆرپە لە شەقامەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە زۆر بووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ئافرەتانەی کۆرپەکان فڕێدەدەن شوێنگەلێک هەڵدەبژێرن کە سیستەمی چاودێری کامێرای لێ نییە، ئەمەش وای کردووە ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسانە قورس ببێت.

دالیا سامەڕایی، توێژەی بواری کۆمەڵایەتی تیشک دەخاتە سەر ئەم پرسە و دەڵێت: داب و نەریت و تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنان تراژدییەو کێشە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و فەرهەنگییەکان دیارترین هۆکاری فڕێدانی کۆرپەکانن لەسەر شەقام، دوای ئەوانیش زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لە عێراق کە دایکەکە بەهۆی نەبوونیی دەخوازێت کەسێکی دیکە منداڵەکەی بەخێو بکات کە باشتر لەخۆی ئاگاداری بێت.

دەشڵێت: هۆیەکی دیکەی زیادبوونی فڕێدانی کۆرپە لەسەر شەقام، دووگیانییە لە باوکێکی نادیار و کە دایکەکان بۆ شاردنەوەی ئەم بابەتە و دوای هاتنە دنیای منداڵەکانیان، ناچارن لە شەقامەکان فڕێی بدەن هەندێک جاریش دوای ئەوەی خێزانەکەی پێی دەزانێت دایکەکە دەکوژن و منداڵەکەش فڕێ دەدەن.

عەباس سەعیدی، چالاکوانی مافی منداڵان ڕایدەگەیەنێت: “فڕێدانی کۆرپە لە شەقام ڕەهەندی گەورەتری هەیە، لێکەوتە خراپەکانی دوای چەند ساڵێک دەردەکەون بەوپێیەی مەترسییەکان ئەوکاتە ڕوون دەبنەوە، کە لەلایەن باندەکانی سواڵکردنەوەی گەورە دەکرێن و سواڵیان پێ دەکرێت ، لە پەروەردەکردنیاندا تەنیا فێری سواڵکردن دەکرێن، داواش دەکات حکوومەتی عێراق لەڕێگەی تۆڕێکی هۆشیاری فراوانەوە کار لەسەر چارەکردنی ئەم پرسە گرنگە بکات.

ھەواڵی زیاتر