دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

زیاتر لە یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراق کار دەکەن

به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان، تا دێت ژماره‌ی كرێكارانی بیانی له‌ عێراق زیاد دەکەن، به‌مه‌ش ده‌رفه‌تی كاركردن له‌به‌رده‌م ده‌ستی كاری عێراقی به‌رته‌سكتر ده‌بێته‌وه‌. زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیش ئاماژه‌ به‌ بوونی زیاتر له‌ یەک ملیۆن كرێكاری بیانی له‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن، له‌كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌ش ته‌نیا له‌ سه‌دا 7ـی مۆڵه‌تی كاركردنیان له‌ وه‌زاره‌تی كاری عێراقی وه‌رگرتووه‌.

ناسر كینانی، پسپۆڕی بواری ئابووری ڕایگەیاند، به‌هۆی زۆریی ژماره‌ی كرێكاری بیانی، كه‌ زۆربه‌یان به‌نایاسایی و بێ مۆڵه‌ت له‌ عێراق كار ده‌كه‌ن، ده‌رفه‌تی كاریان له‌به‌رده‌م گه‌نجانی عێراقی به‌رته‌سك كردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ستی كاری عێراقی بێكار ماونه‌ته‌وه‌.

به‌ گوته‌ی ئه‌و پسپۆڕه‌ ئابوورییه‌، مه‌ترسیی ئه‌و بابه‌ته‌ ته‌نیا له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ده‌رفه‌تی كاریان بۆ گه‌نجانی عێراقی نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو له‌وه‌ زیاتر ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌منیشی به‌دواوه‌یه‌ و زۆربه‌ی ئه‌و كرێكارانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی و به‌بێ مۆڵه‌ت كار ده‌كه‌ن؛ دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ “كرێكاری بیانی به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار و به‌لێشاو بازاڕی ناوخۆییان داگیركردووه‌ و هیچ چاودێرییه‌كیشیان به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌”.

به‌گوێره‌ی دوایین ئاماره‌كان، زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن كرێكاری بیانی له‌ عێراق كار ده‌كه‌ن، زۆربه‌یان كرێكاری نایاسایین و هیچ پێشینه‌یه‌كیش له‌باره‌ی چۆنیه‌تی هاتنیان بۆ ناو خاكی وڵات له‌به‌رده‌ستدا نییه‌.

وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵاویش كراوه‌ته‌وه‌، له‌كۆی ئه‌و ملیۆن كه‌سه‌، جگه‌ له‌ 71 هه‌زار كه‌س، هیچ كامێك له‌وانی دیكه‌ مۆڵه‌تی كاركردنیان نییه‌، ئه‌مه‌ش ده‌كاته‌ ته‌نیا ڕێژه‌ی 7.1%ی كۆی كرێكارانی بیانی له‌ عێراق و زیاتر له‌ 929 هه‌زار كرێكار و به‌ڕێژه‌ی 92.9%ی تێكڕای كرێكارانی بیانی له‌ عێراق به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی كار ده‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك وه‌زاره‌تی كاروباری ئایینی پاكستان رایگه‌یاند، 50 هه‌زار له‌و زیاره‌تكارانه‌ی به‌ پاساوی به‌شداریی له‌ ڕێوڕه‌سمی عاشوورا سه‌ردانی عێراقیان كردووه‌، دیارنه‌ماون و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌. دواتر ئاشكرا بوو، ئه‌و 50 هه‌زار پاكستانییه‌ به‌مه‌به‌ستی كاركردن خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ عێراق و لەوێ خۆیان بزر كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار له‌و وڵاته‌ به‌ده‌ست بهێنن.

هه‌رچه‌ند دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ش، ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی، وه‌زیری كار و كاروباری عێراق گوتی: ئه‌و بابه‌ته‌ به‌هه‌ند وه‌رده‌گرن، به‌ڵام تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی چاره‌نووسی ئه‌و 50 هه‌زار پاكستانییه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.