لە میسان 10 کەسی سەر بە گرووپی ‘قوربانییەکان’ دەستگیر کران

ئەمڕۆ سێشەممە، فەرماندەی پۆلیسی میسان دەستگیرکردنی 10 کەسی سەر بە گرووپی “قوربانییەکان”ـی لە پارێزگای میسان ڕاگەیاند.

فەرماندەی پۆلیس، لیوا لەفتە فاخر، محەممەداوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “10 کەس لە گرووپی “قوربانیان” کە یەکێکە لە گرووپە لادەرە فیکرییەکان، لە یەکێک لە ناوچەکانی پارێزگاکەدا دەستگیرکران”.

محەممەداوی ئاماژەی بەوەش کردووە “ئەو حاڵەتانەی خۆکوشتن کە لەم دواییانەدا لە پارێزگاکانی عێراق لە نێو گەنجاندا تەشەنەی کردووە، تیمێکی تایبەتمەند  بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی ئەو گرووپە پێک هێنرا؛ دوای کۆکردنەوەی بەڵگە و چاودێریی جووڵە و ڕەفتارەکانی هەندێک لەوانە، گروپێک دۆزرایەوە کە بنکەکەیان لە یەکێک لە ماڵەکان بوو”.

ئاماژەی بەوەش کرد “هێزێکی پۆلیس بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی پێک هێنرا و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری، ناوچەکە گەمارۆ درا، هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکە 10 ئەندامی ئەم گرووپە لە ماڵەکە دەستگیرکران”.

زانیارییە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گرووپی “ئەلعلاهیە” لە ساڵی 2020 لە بەسرە و زیقار دەرکەوتوون، هەروەها گرتەی ڤیدیۆیی چالاکییەکانیان لە مانگی موحەڕەمدا بڵاو دەکردەوە و هانی “خۆکوشتن” دەدەن لە پێناو ئیمام عەلیدا.

ھەواڵی زیاتر