لە مانگی تەمووزدا 54 ئەندامی گرووپی قوربانییەکان دەستگیر کراون

گرووپی “قوربانییەکان” کە گرووپێکی چالاکە لە پارێزگاکانی باشووری عێراق، چالاکییەکانی پەرەپێدانی ئایدیۆلۆجیی خۆکوژییە، بەگوێرەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق تەنیا لەمانگی تەمموزدا 54 ئەندامی گرووپەکە دەستگیر کراون، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات “بەهۆی فراوانبوونی گرووپەکە ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی لە بەشێک لە پارێزگاکان دروست بووە”.

تا دێت چالاکییەکانی گرووپی قوربانییەکان لە پارێزگاکانی عێراق زیاتر دەبێت و لەدوایین ئاماری دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەردەکەوێت کە ژمارە چالاکییەکانی گرووپەکە لە زیاد بووندایە.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشکرای دەکات، تەنیا لەمانگی تەمموزدا 200 تاوانباریان لەسەرانسەری پارێزگاکانی عێراق دەستگیر کردووە کە 54 تاوانبار سەر بە گرووپی قوربانیین.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژە بەوە دەکات زۆرینەی ئەندامانی ئەو گرووپە لە پارێزگای زیقار دەستگیر کراون. ڕوونیشی دەکاتەوە گرووپەکە زۆر بەنهێنی کار دەکەن و هەماهەنگییە ئەمنییەکان بۆ بنبڕکردنیان بەردەوامە.

بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، جگە لە پارێزگای زیقار گرووپەکە لە پارێزگاکانی بەسرە و میسان و دیوانییە ئەندامیان هەیە و بۆ پیادەکردنی چالاکییەکانیشیان کەڵک لە مزگەوت و ماڵەکان وەردەگرن.

شێوازی چالاکییەکانی گرووپەکە بریتییە لە هەڵبژاردنی کەسێک لە ڕێگەی تیروپشک بۆ قوربانیکردن، بە گوتەی خۆیان لەپێناوی ئیمام عەلی و هەر کەسێک کە لە تیروپشکەوە دەردەچێت دەبێت خۆی بکوژێت، ئەمەش نائارامیی کۆمەڵایەتی و ئەمنی لە پارێزگاکانی باشووری عێراق بەدوای خۆیدا دروست کردووە.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا نزیکەی 12 حاڵەتی خۆکوشتن لە پارێزگاکانی باشووری عێراق لەنێو ئەندامانی ئەم گرووپە تۆمار کراون کە زۆربەیان پەیامی نووسراویان لەدوای خۆیاندا بەجێهێشتووە کە لە پەیامەکانیاندا هاتووە “خۆ کوشتن لەپێناوی ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تاڵب بووە” کە کە ئەمەش بووەتە هێما و شوناسی گرووپەکە.

گرووپەکە ئێستا شوناسی خۆی زیاتر کردووە بە کردنەوەی پەڕەی فەرمیی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناساندنی هێما و ڕێبازەکەیان.

ھەواڵی زیاتر