نەبوونی هەلی کار، کەمی خزمەتگوزاری، گەندەڵی… عێراقییەکانی هێناوەتەوە سەر شەقام

چەند ڕۆژێکە لە هەندێک پارێزگای عێراق، خۆپیشاندانی جۆراوجۆر و بۆ داواکاری جیاواز بەڕێوەدەچێت و پێدەچێت ئەگەر دۆخەکە کۆنتڕۆڵ نەکرێت و بەدەم داواکاریی خۆپیشاندەرانەوە نەیەن خۆپیشاندانەکان تەشەنە بسەنێت.

دوێنێ،دەرچووانی بەشی پزیشکی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بۆ شەشەم جار لە بەغدا خۆپیشاندانیان کرد، یەکێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە دەڵێت: دەزانین عێراق ئێستە کێشەی بودجەی نییە، بەڵام ئەو بودجەیە هێز و گرووپی چەکداری پێ دەوڵەمەند دەکرێت و بۆ کێشەی سیاسی و ناوخۆیی بەکاردەهێنرێت. خەڵکی شتێکی دیکەیان دەوێت کە ئەویش داواکردنی مافی خۆیانە بۆ شتە سەرەتاییەکانی وەک هەلی کار و دامەزراندن.
خۆپیشاندەرێکی دیکەی خۆپیشاندانەکە دەڵێت:ئێمە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین داخوازییەکانمان جێ بەجێ بکات، دەشڵێت: کە ئێمە چووینە زانکۆ، یاسایەک هەبوو کە دەبێت بەناچاری ئێمە دابمەزرێنن، بەڵام تا ئێستا دانەمەزراوین، ئێمە پارەی زیاترمان داوە تاوەکو بخوێنین. هەروەها ئێمە 61 هەزار دەرچووین، بۆیە جارێکی دیکە داوا لەوەزیری دارایی و سەرۆک وەزیران دەکەین دامانمەزرێنن.
لەلایەکی دیکەوە هەر دوێنێ، لە پارێزگای زیقار، خانەنشینان هاتنە سەر شەقام و داواکاریی خۆیان گەیاندە بەرپرسانی ئیداری پارێزگاکە و داوای ئەوە دەکەن بێ بەش نەکرێن لە پێدانی زەوی.
لە پارێزگای بەسرەش، هاووڵاتیان کە زیاتر لە توێژی گەنجان بوون، لەبەردەم کێڵگە نەوتییەکانی ئەو پارێزگایە خۆپیشاندانیان کرد و داوای ئەوەیان کرد لە جێگای هاوردەکردنی کرێکاری بیانی هەلی کار بۆ هاووڵاتیانی عێراق دابین بکرێت.
یەکێک ە خۆپیشاندەرن بۆ کەناڵێکی ڕاگەیاندن قسەی کردووە و دەڵێت :کرێکاری بیانی حاڵی لە ئێمە باشترە، چونکە دەوڵەتێکی باشتری لەوەی ئێمە هەیە، حکوومەتی خۆجیی و پارێزگاری بەسرە، هیچ بەرپرسیاریەتییەکیان بەرانبەر خەڵکی هەڵنەگرتووە، تەنیا خەریکی ئەو پرۆژانەن لەسەر حسابی خەڵک وەریان دەگرن، من خاوەنی سێ بڕوانامەم، نەهاتووم بۆ ئێرە تا داوای دامەزراندن بکەم، بەڵام ئەم گەنجانەی ئێرە پێویستیان بەکارە، داوای سادەترین و ساکارترین پێداویستی ژیان دەکەن، ئەویش کارە و دەستیان ناکەوێت”.
چاودێرانی سیاسیش باس لەوە دەکەن، ئەگەر داواکاری خۆپیشاندەران وەڵامی نەبێت، دوور نییە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر بچێت و جارێکی دیکە خۆپیشاندانی فراوان لە عێراق بەڕێوەبچێت، بە تایبەت لە ئێستادا کە کێشە و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانیش نزیکە لە تەقینەوە.

ھەواڵی زیاتر