لە به‌سڕا به‌هۆی بێكاری له‌ به‌رده‌م كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چوو

له‌ شاری به‌سڕا به‌هۆی بێكاری خۆپێشاندانێكی به‌رفراوان به‌ڕێوه‌چوو. هاووڵاتیانی به‌سڕا له‌ دژی زۆربوونی كرێكاری بیانی و نه‌بوونی كار وه‌ك پیویست بۆ ئه‌وان، له‌به‌رده‌م كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی ئه‌و شاره‌دا ده‌ستیان به‌ خۆپێشاندان كرد و داوای چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن له‌ حكومه‌تی عێراق. 

هاوكات خۆپێشانده‌ران ده‌ڵێن، کێڵگە نەوتییەکانی شاره‌كه‌یان هیچ خێرێکی بۆ ئەوان نیه‌ ته‌نیا زیان نه‌بێت، كه‌ به‌ده‌یان كێشه‌ی ته‌ندروستی بۆ خێزانه‌كانیان دروست كردووه‌‌.

 گوتیشیان ئێمه‌ كه‌ هاووڵاتی شاره‌كه‌ین كارمان نادرێتێ و له‌ بری ئه‌وه‌ كرێكاری بیانی داده‌مه‌زرێنن به‌ مووچه‌یه‌كی زۆر. هاوکات خۆپێشانده‌ران باسیان له‌وه‌شكرد، حکومەتی خۆجیی و پارێزگاری بەسرە، هیچ بەرپرسیاریەتیەکیان بەرامبەر خەڵکی هەڵنەگرتووە، تەنیا خەریکی ئەو پڕۆژانه‌ن كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بێت. 

باسیان له‌وه‌شكرد، ئێمه‌ پێویستمان بەکارە و داوای سادەترین ماف و پێداویستی ژیان دەکەین كه‌ زۆربه‌مان بڕوانامه‌ی به‌رزمان هه‌یه‌ و بێكارین. هاوكات رەحیم غانمی، جێگری سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی عێراق گوتی، نزیكه‌ی ملیۆنیك کرێکاری بیانی نایاسایی لە عێراق كارده‌كه‌ن. 

هه‌روه‌ها غانمی هێنانی كرێكاری بیانی دەخاتە ئەستۆی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پلاندانان و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان، گوتیشی له‌ عێراقدا زیاتر لە چوار ملیۆن بێکار هەن، کەچی کارئاسانی بۆ هێنانی کرێکاری بیانی دەکرێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، پێویستە حکومەتی عێراق رێکاری پێویست ده‌رباره‌ی هێنانی كرێكاری بیانی بگرێته‌به‌ر.