٤٧٠ ئەندامی داعش دزەیان کردووەتە خاکی عێراق

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوای ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان لێبوردنێکی گشتی بۆ ھەزار و پێنج سەد ئەندامی داعش لە زیندانەکان دەرچوو دووبارە سەرھەڵدانەوە و مەترسییەکانی داعش لەسەر عێراق لە ئارادایە، حکوومەتی عێراقیش بۆ ڕێگری لە دزەکردنی ئەندامانی داعش پاسەوانی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا توکمەتر کردووە، ئەنجوومەنی عەشایری نەینەواش، ئاشکرای دەکات، چوار سەد و حەفتا تیرۆریست لە سووریاوە دزەیان کردووەتە ناو خاکی عێراقەوە.

لەدوای بڕیاری ئازادکردنی زیاتر لە ھەزار و پێنج سەد ئەندامی داعش، لەلایەن ئیدارەی خۆسەر و ھێزەکانی سووریای دیموکرات لە باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا، ھێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای نەینەوا کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، ھاووڵاتییانی مووسڵیش نیگەرانن لە دۆخەکە و دەڵێن، جارێکی دیکە ھەڕەشە و مەترسییەکان لەسەر پێکھاتەکان دروست بووەتەوە، چونکە بەگوتەی خۆیان لە ساڵی ٢٠١٤ زەرەروزیانی گەورەیان بە دەستی داعش بینیوە.
نەوزاد مەحموود، شارەزای بواری سەربازی، گوتی: ئازادکردنی ئەو تیرۆریستانە کاریگەری لەسەر ھاووڵاتییان دەبێت، پێویستە ئەوانەی ئازاد کراون لەلایەن ھەمان ئەو لایەنەوە حوکم درابان کە ئەوانی دەستگیر کردووە، بەڵام بەداخەوە ئەوان ئازاد کران، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دەبێت سنوورەکان توند بکەن و لێ نەگەڕێن کەس دزە بکاتە ناو خاکی عێراق بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خەڵکی عێراق لەسەر دەستی ئەو گرووپە تیرۆریستانە تووشی زەرەر و زیانی گیانی و ماددی نەبنەوە.
ئەو شارەزایەی بواری سەربازی، دەشڵێ: یەکێک لە پێویستییەکان کە دەبوو حکوومەتی عێراق بیکات، ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی بوو لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و ئەو ئەرکە ستراتیجییەی نەکرد، ئەمە وا دەکات بۆ دوورمەوداش کاریگەریی نەرێنی بەسەر ناوچە جوگرافیا جیاجیاکان ھەبێت و داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە چالاکی تێدا بکەن، وەکو ئێستا دەبینین لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بەردەوام کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەبەرامبەر ئەو مەترسیانە ڕادەگەیەنێت، عێراق سنوورەکانی لەگەڵ سووریا توند و تۆڵ کردووە و ھەر دزە کردنێکیش ھەبێت ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە. یاسر ئەسکەندەر، لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی ئازادکردنی سەدان گیراو، ڕاگەیاند، زیاتر لە چوار ساڵە کار لەسەر بەھێزکردنی ئاسایشی سنووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی لەگەڵ سووریا دەکەین، بەھۆی مەترسییەکانی کەمپی ھۆڵ کە بە بۆمبێکی تەوقیت کراو بۆ سەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، سنووری عێراق لەگەڵ سووریا بە خاڵی پشکنین و بۆرج و کامێرای چاودێری تۆکمە کراوە، بۆیە ئازادکردنی سەدان گیراوی داعش نابنە ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی عێراق.

ھەواڵی زیاتر